ئیسپانیا

سێرجینۆ نزیکە لە جێهێشتنی بارسێلۆنا

یاریگا –

سێرجینۆ دێست، بەرگریکاری ئەمریکی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ یانەی نیس گەیشتووەتە رێککەوتن و گواستنەوەی بۆ ئەم تیپە فەرەنسییە لە قۆناغی کۆتاییدایە.

رەنگە نیس ببێتە یانەی داهاتووی سێرجیۆ دێست بۆ وەرزی داهاتوو، بەرگریکارەکە لەگەڵ ئەم یانەیە گەیشتووەتە رێکەوتن هەروەها بارسێلۆنا چەند رۆژێکە لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە گفتوگۆ دەکات بۆ گواستنەوەی ئەم یاریزانە ئەمریکییە بە خواستن و رێککەوتنەکەش زۆر نزیکە.

کێشەی سەرەکی یانە فەڕەنسییەکە لە پێدانی موچەکەیەتی، چونکە نیس ئامادە نییە بڕی پارەکە بە تەواوی بدات، بەڵام دانوستاندەکان لەم بوارەدا بەردەوامن و پێشبینی دەکرێ بەم نزیکانە هەموو شتێک یەکلایی بکرێتەوە.

رۆیشتنی دێست راستەوخۆ پەیوەندی بە هاتنی جواو کانسێلۆ هەیە. چاڤی ماوەیەکی زۆرە ئەو یاریزانەی لە پلانەکانی بۆ وەرزی ئێستا دوورخستۆتەوە، هەر بۆیە یانەکە بەدوای یانەیەکی نوێ دەگەڕێت بۆی.

یانەیەکی دیکە کە ئارەزووی گواستنەوەی یاریزانە ئەمریکیەکەی هەبوو، یانەی ئایندهۆڤن بوو، کە پرسیاری لە بارسێلۆنا کرد سەبارەت بە بارودۆخی بەرگریکارەکەی، بەڵام دێست هیچ نیازی گەڕانەوەی بۆ خولی هۆڵەندی نەبوو، چونکە پێش ئەوەی پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە بکات لەگەڵ یانەی ئەیاکس یاری دەکرد.

ئەو بەرگریکارە ئەمریکییە وەرزی رابردوو بە خواستن لە میلان یاری دەکرد، بەڵام بارودۆخ لەوێ بە دڵی ئەو نەبوو چونکە بە دەگمەن یاری بۆ رۆسۆنێری دەکرد و یانە ئیتاڵییەکە نەیویست بژاردەی کڕینی کارا بکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارە یاریزانەکە گەڕایەوە بارسێلۆنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button