بژاردەکانی مەدرید بۆ جێگرتنەوەی کۆرتوا
بە چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکی وەرز، هەواڵێکی جەرگبڕ مەدریدی هەژاند و تیباوت کۆرتوا تووشی پێکانێکی قورس هات.
ساڵانێکە مەدرید کێشەی گۆڵپارێزی نیە و کۆرتوا وەکو دیوارێکی پۆڵاین بەرگرییان لێدەکات بەڵام ئێستا یانەیەکە بە ناچاری دەبێت بەزووترین کات گۆڵپارێزێک بگوازێتەوە بەهۆی ئەوەی ناوبراو زۆرینەی وەرزی ئەمساڵ دادەبڕێت.
بەگوێرەی سکای سپۆرت، مێرەنگی راستەوخۆ پەیوەندی بە دەیڤد دی خیاوە کردووە کە ئێستا بێ یانەیە پاش نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەلایەن مانچێستەر یونایتدەوە. دی خیا بەر لە هەشت ساڵ نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە یانەکەوە بەڵام کێشەیەکی تەکنیکی لە کۆتا چرکەکانی بازاڕی گواستنەوەدا، کارەکەی هەڵوەشاندەوە.
هەروەها کارلۆس رۆدریگێزی رۆژنامەنووسی ئۆندا سیێرۆ دەڵێت، جگە لە دی خیا هەریەک لە کیپا، یاسین بۆنۆ بژاردەی بەردەم یانەکەن.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیش دەڵێت بژاردەیەکی دیکەی یانەکە گەڕاندنەوەی کەیلۆر ناڤاسە.
هەروەها ئێلچرینیگتۆ پێی وایە مامارداشڤیلی گۆڵپارێزی ڤالێنسیا یەکێک دەبێت لەوانەی یانەکە خوێندنەوەی بۆ دەکات.
چاوەڕواندەکرێت تاوەکو سبەینێ بژاردەی دیکەش بخرێتە بەر باس لە قەڵای سپی.