ئیسپانیا

چاڤی 4 بەهرەمەندی لاماسیا دەگوازێتەوە تیپی یەکەم

یاریگا –

دوای گەشتەکەی ئەمریکا، بارسیلۆنا بڕیاریدا چوار یاریزانی ئەکادیمیای لاماسیا بخاتە لیستی تیپی یەکەمی یانەکەیەوە.

چاڤی لەوکاتەوەی راهێنەری بارسیلۆنایە، دەریخستووە کە ئاگاداری ئەو بەهرەمەندە گەنجانەیە کە لە لاماسیا سەرهەڵدەدەن. تەنها سەیری ریزبەندی 32 یاریزانەکەی بکەن کە بانگهێشتی گەشتەکەی ئەمریکای کردبوون، حەوت کەسیان بەرهەمی ئەکادیمیای لاماسیا بوون و توانای ئەوەیان هەیە کە لە تیپی یەکەمدا بن. یان لانیکەم چاڤی وا بیردەکاتەوە ئەوانیش: فێرمین لۆپێز، فایە، گاریدۆ، کاسادۆ، ڤای، یامال و ئەسترالاگا.

بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، چاڤی بڕیاریداوە چوار یاریزانی ئەکادیمی بخاتە پێکهاتەی تیپی یەکەمەوە و بەدرێژایی وەرز سوودیان لێ وەردەگرێت، دوای ئەوەی گەشتەکە بە سێ یاری دۆستانە کۆتایی هات و بارسێلۆنا دوو یاری بردەوە و یەک یاریشی دۆڕاند.

کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا و سەختی تۆمارکردنی گرێبەستەکان بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چاڤی زیاتر چاوی لەسەر یاریزانە ئەکادیمیاکانی بێت. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، فێرمین لۆپێز یەکێکە لەو هەڵبژێردراوانەی دوای ئەوەی لە ئیلکلاسیکۆ دالاس درەوشایەوە و گۆڵێکی بەرامبەر ریاڵ تۆمارکرد. هەروەها لامین یامال و ئەلێکس ڤای و ئەسترالاگا بەهرەمەندە لاوەکانی دیکەن کە دەخرێنە نێو ریزبەندی تیپەکانی یەکەمەوە و چانسی ئەوەیان دەبێت لە ژێر دەستی چاڤیدا تواناکانیان پیشان بدەن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button