ئیسپانیا

لیڤاندۆڤسکی: بۆیە بایرنم جێهێشت ویستم گۆڕانکاری لە ژیانم بکەم

یاریگا

هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا دەڵێت حەزی لەو یاریزانانەیە کە وەک پێدری لە تۆپی پێ تێدەگەن.

تەنها یەک وەرز بەس بوو بۆ ئەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ناسناوی لالیگا لەگەڵ بارسێلۆنا و خەڵاتی پیچیچی بەدەستبهێنێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی، هێرشبەرە پۆڵەندییەکەی یانەی بارسێلۆنا باس لە هەژموونی یەکساڵەی خۆی لە بارسێلۆنا و هەروەها هۆکاری جێهێشتنی بایرن میونشن و هەڵسوکەوتەکانی لە تەمەنی هەرزەکاری و خێزانەکەیدا دەکات و لەبارەی تەمەنی دەڵێت:

کاتێک پرسیار لەبارەی تەمەن دەکرێت، تەنها دەڵێم تەمەن ژمارەیەکە. بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستم، بەخۆم ناڵێم پیر بووم، کاتێکیش سەیری تاقیکردنەوەکانی لەشجوانیم دەکەم، دەبینم هەموو شتێک باشە

لیڤا لەبارەی ژیانی رۆژانەشی دەڵێت:

تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، میدیاکان و هتد، هەموویان لەبری تۆ قسە دەکەن. کاتێک هەیە مرۆڤەکان لەڕێگەی تۆوە خەونەکانیان دەژین و ئەگەر بەدەستی نەهێنیت، بێ ئومێد دەبن و وەک جاران ناتبینن. منیش کەسێکی تەواو پێگەیشتوو نیم. هەموو کەسێک لەم شتە تێناگات. ئێمەش ڕۆژانی خراپمان هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کە ئەم شتانە کاریگەرییان لەسەر کارەکانمان نەبێت. بەڵام ئەمە ئاسان نییە

لیڤاندۆڤسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی جێهێشتنی بایرن میونشن گووتی:

بڕیاری جێهێشتنی بایرن میونشن؟ حەزم دەکرد شێوازی ژیان و وڵات و زمانم بگۆڕم و کەسانی نوێ بناسم. هەمیشە خەونم بە یاریکردن لە ئیسپانیا دەبینی و کاتەکەش گونجاو بوو. لە تەمەنی خۆمدا قەناعەتم هەبوو کە دەبێت هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بچم

بابەتی زیاتر

Back to top button