ئیسپانیاگرنگترین

تۆنی کروس: کلاسیکۆی ئەمجارە جیاوازە

یاریگا –

تۆنی کروس یاریزانی یانەی ریال مەدرید پێی وایە کلاسیکۆ هەرگیز یارییەکی دۆستانە نییە و دەبێت لە هەر بارودۆخێکدا لە بارسێلۆنا ببەنەوە.

هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید بۆ کەمپی پێش وەرز روویان لە ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی یارییەکانی لالیگا زیاتر خۆیان ئامادە بکەن.

لەسەر بنەمای گرێبەستی ریکلام و بازرگانی کە سەرۆکی هەردوو یانە واژۆیان کردووە، پێش دەست پێکردنەوەی خول تیپەکانیان دەبێت گەشت بکەن بۆ ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانە.

یارییە دۆستانەکەی نێوان ئەم دوو یانەیە بڕیارە لە 8ی ئاب لە یاریگای داڵاس بەڕێوە بچێت کە دەبێتە یەکەم یاری کلاسیکۆی وەرزی 2023-2024.

پێگەی فەرمی ریال مەدرید چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کروس کردووە و لەبارەی کلاسیکۆوە پرسیاری لێدەکات.

تۆنی کروس لەبارەی یاریەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا گۆتی:

ئەمە یارییەکی تایبەتە و لە یاریگایەکی تایبەت ئەنجام دەدرێت. کلاسیکۆ یەکێکە لەو یارییانەی کە وشەی دۆستانەی بۆ بەکار نایەت. یاری بەرامبەر بارسێلۆنا هەرگیز دۆستانە نییە و نابێت، ئێمە دەبێت بیبەینەوە.

ئەم جۆرە یارییانە یارمەتیدەرمان دەبن بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی وەرز بگەینە هاوسەنگیەکی باش. ئەم یارییە سێیەم یاری ئامادەکاریمانە لە پێش وەرزدا و هیوادارم بە شێوەیەکی جەستەیی باش لەو یارییە ئامادە بین و سەرکەوتن بەدەست بهێنین چونکە هەرگیز یارییەکی دۆستانەمان بەرامبەر بارسێلۆنا نییە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button