ئه‌مریکاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

رۆناڵدۆ لە سعودیە و مێسی لە ئەمریکا، جەنگی راکێشانی ئەستێرەکان دەستیپێکرد، کێ براوە دەبێت؟

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە دوای گواستنەوە گەورەکەی دەیڤد بێکهام لە ساڵی 2007 بۆ لۆس ئانجلێس گالاکسی، وردە وردە ئەستێرەکان روویان لە خولی ئەمریکی کرد.

تێری هێنری، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، دیدیێ درۆگبا و لویس نانی لە دوای دەیڤد بێکهامەوە لە یانەکانی خولی ئەمریکی یارییان کردووە، بەڵام ئەمساڵ گۆڕانکارییەکی گەورە لە خولی وڵاتەکە روویدا، ئەویش گواستنەوەی مێگا ستارێکی وەک لیۆ مێسییە کە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. لیۆ هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوو لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێن و دەتوانین بڵێین، جیهانیان بەسەر دوو بەردەدا دابەش کردووە. یانەکانی ئەمریکا دەمێکە خۆیان بۆ گواستنەوەی دوو ئەفسانەکە ئامادە کردبوو، بەڵام خەونی ئەمریکییەکان لەناکاو لەباربردرا.

خولی سعودی هاتە مەیدان و خەونی ئەمریکییەکانی لەبار برد، کاتێک نەسری سعودی کریستیانۆ رۆناڵدۆی گواستەوە، سەرەڕای بوونی گفتوگۆی جدی لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ کانساس سیتی ئەمریکی.

دوای رۆناڵدۆ، خەریکە ئەستێرە گەورەکانی دیکەی ئەوروپا روو لە خولی سعودی دەکەن، چونکە پاڵپشتییەکی دارایی بێ وێنەی حکومەی هەیە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
لیۆنێل مێسی لە کاتی ناساندنی وەک یاریزانی نوێی ئینتەر مەیامی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسر

ئێستا کلاسیکۆییەکی گەورە لە نێوان خولی سعودی و ئەمریکی دروست بووە، چونکە بێ گومان ئەفسانەکان دەبنە هۆکاری راکێشانی سەرنجی یاریزانی دیکە، رۆناڵدۆ خەریکە لەم رووە سەرکەوتوو دەبێت و پۆل پۆل ئەستێرە روو لە سعودیە دەکەن.

لیۆ مێسی ئۆفەرێکی یەک ملیار دۆلاری سعودییەکانی رەتکردەوە و ئینتەر مەیامی هەڵبژارد. رەتکردنەوەی سعودیە نەبووە رێگر لە بەردەم ئەستێرەی وەک کەریم بێنزێما، رۆبێرتۆ فیرمینۆ و ئێنگۆلۆ کانتێ. جیا لەم ناوە گەورانە، چەندین ئەستێرەی لاوی وەک روبن نێڤێش و جۆتا پەیوەندییان بە یانەکانی خولی سعودییەوە کرد. ئێستا بەرپرسانی خولی ئەمریکی لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی جدیدان، ئایا چۆن دەتوانن ئەستێرەکان بە یاری کردن لە ئەمریکا رازی بکەن.

رۆناڵدۆ لە زستانی رابردوودا پەیوەندی بە نەسرەوە کرد. لە کۆی 16 یاری توانی 14 گۆڵ بکات. خولی ئەمریکی لە پلەی 29ی ریزبەندی باشترینەکانی جیهاندا دێت، کەچی خولی سعودیە بە پێی ریزبەندی 21 گروپ لە پلەی 59مینە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە بەراوردی نێوان خولی هەردوو وڵاتەکە دەڵێت

پێم وایە خولی سعودی زۆر باشترە لە خولی ئەمریکی. پێشتر گوتومە کە خولی سعودی دەبێتە یەکێک لە باشترین پێنج خولی جیهان لە سێ ساڵی داهاتوودا، بەڵام رەنگە بە یەک ساڵیش وای لێبهێت.

ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە، پێشتر ئەستێرەکانی ئەوروپا کە تەمەنیان دەگەیشتە سەرووی 33 ساڵ، خولی ئەمریکی دەبووە بژاردەیەکی کراوە، بەڵام ئێستا خولی سعودی بە پاڵپشتی بودجەیەکی گەورە، بووەتە رکابەرێکی دیاری خولی ئەمریکی و ئەستێرەکان رادەکێشێتە کەنداو، بەڵام ئایا خولی ئەمریکی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکات؟ ئایا بەلایەوە گرنگە؟

ئاتلێتیک لە زاری چەندین بەرپرسی باڵای خولی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، کۆمەڵێک زانیاری ئاشکرا کردووە.

بەڕێوەبەرێکی خولی ئەمریکی رەتیدەکاتەوە خولی سعودی هاوشێوەی خولی سوپەری چینی بێت، بەڕێوەبەرەکە دەڵێت

خولی ئەمریکی هەڕەشە نییە بۆ سەر ئێمە، چونکە ئەوان سوپەرستاری بەتەمەن دەگوازنەوە. هیوادارم ئێمە لە سەرووی ئەم بژاردانەوە بین.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بریکارێکی یاریزانان پێی وایە، هاوکێشەکە جیاوازە ئێستا

کاتێک ئەوان رۆناڵدۆییەکی 38 ساڵان دەگوازنەوە و دواتر دیۆگۆ جۆتای 24 ساڵانیش دەبەن، ئەمە رەنگە کێشە بێت.

وەین روونی، راهێنەری یانەی دی سی یونایتد، خولی سعودی بە خولی چینی وەسف دەکات و لە سەرکەوتنی دڵنیانییە

ئێستا لە ژێر تاقیکردنەوەدایە، رەنگە گەشە بکات یاخود هاوشێوەی چین کاتێک 10 ساڵ بەر لە ئێستا پارەیەکی زۆریان خەرج کرد، بەڵام پارەکە بە هەوادا چوو. بەڕاستی دەبێ چاوەڕێ بکەین و بزانین چی روودەدات.

لە دوای شۆڕشەکەی دەیڤد بێکهام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژێرخانی وەرزشی وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، ئێستا هیواخوازن لیۆ مێسی بەنزینی زیاتر بخاتە نێو مووشەکەکە. بەرپرسێکی خولی سعودی دەڵێت، وەشانی 2007ی خولی ئەمریکی سەرکەوتوو بوو و رێگەی وڵاتەکەی بەرەو جیهان کردەوە کاتێک گرێبەستیان لەگەڵ بێکهام واژۆ کرد، بەڵام ژێرخانی وەرزشییان خراپ بوو، بۆیە پڕۆسەکە بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوو.

لە 10 ساڵی رابردوودا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژێرخانی وەرزشی خولی ئەمریکیدا دروستبووە، جیا لەمەش چەندین یاریزانی گەنجی پەلکێشی خولەکە کرد، وایلێهات ئەکادیمیای یانەکان بەهرەمەندی گەورەیان دروست کرد و ئێستا یەکێکن لە ئەستێرەکانی جیهان.

لە لایەکی دیکەوە، خولی سعودی پارەی زیاتری لەبەر دەستدایە و دەتوانێت بە دەست واڵایی خەرجیان بکات، هەربۆیە رەنگە گەشەی خولەکە خێراتر بێت لە خولی ئەمریکی. سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە کە کۆنتڕۆڵ چوار یانە گەورەکەی سعودیە دەکات، لە ماوەی رابردوودا پاڵەوانیەتی گەورەی گۆڵفی نێودەوڵەتی بردە سعودیە، ئەمەش بووە هۆکارێکی گەورەی گۆڕینی رای گشتی لەسەر وەرزشی سعودیە.

دۆن گاربەر، کۆمیسیاری خولی ئەمریکی لە بارەی خولی سعودییەوە دەڵێت

من ئەم سیناریۆیەم لە چین بینی، ئەوکاتیش زۆر گرنگیم پێ نەدا هاوشێوەی هەڵوێستی ئێستام بەرامبەر خولی سعودیە. راستییەکە ئەوەیە، خولی ئەمریکا کاریگەری زیاتری لەسەر تۆپی پێی پیشەیی لە جیهان هەیە. پێم وایە بازاڕەکانی جیهان بەڕووی ئێمەدا کراوەن و دەرفەتی گەورەمان لە پێشە نەک تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکو یاریزان لە کیشوەرەکانی دیکەش بگوازینەوە.

بەرپرسە باڵاکەی خولی ئەمریکا دووپاتیدەکاتەوە، یاساکان زۆر توندن لە ئەمریکا و یانەکان تەنیا بۆیان هەیە گرێبەستی بێ سنوور لەگەڵ سێ یاریزانی دیاری کراودا بکەن، واتە تەنیا دەتوانن پارەی زۆر و بێ سنوور بە سێ یاریزانی دیاری کراو بدەن، ئەمەش تواناکان سنووردار دەکات. بۆ نموونە یاریزانانی وەک جۆردان هێندرسن و فابینیۆ ئەگەر لەم دۆخەی ئێستا پەیوەندی بە یانەی ئەمریکییەوە بکەن، ئەوا دەبێ لێکدانەوەی تەواویان بۆ بکرێت، چونکە داخوازە داراییەکانیان ئاسان نین، بۆیە ئێستا یانەکانی ئیتیفاق و ئیتیحاد خۆیان بۆ گواستنەوەی مەڵاس داوە.

بۆمان دەردەکەوێت، لە سعودیە یاسای توندی گواستنەوە نین، بەڵکو لە ئەمریکا زۆر توندە و یانەکان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان یاریزانان بگوازنەوە.

دەیڤد بێکهام و ڤیکتۆریا بێکهام لە ژێر پەیکەرێکی بێکهام لە لۆس ئانجێلێس

فیلیپ کۆوتینیۆ نزیکە لە پەیوەندی کردن بە یانەیەکی سعودی، هەرچەندە پێشتر پاڵێوراوبوو بۆ ئەوەی لە خولی ئەمریکی یاری بکات، کەچی بەرزی مووچەکەی رێگری سەرەکی بوو لە گواستنەوەی بۆ وڵاتەکەی مام سام، ئێستا سعودیە پارەی خوازراوی بۆ دابین دەکات، هەرچەندە رەنگە ڵایف ستایڵی ئەمریکا و سعودیە زۆر جیاواز بێت، بەڵام پارە لێرە بڕیاری کۆتایی دەدات.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین خاڵەکانی راکێشانی سەرنجی ئەستێرەکان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ستایڵی ژیانە لە ئەمریکا، چونکە کاتێکی زیاتریان دەبێت بۆ ئەوەی بە نێو شارەکانی ئەو وڵاتە بگەڕێن، هاوشێوەی لیۆ مێسی، لە ئێستاوە ڤێلایەکی گەورەی لە مەیامی کڕیوە و ژیانێکی نوێی دەستپێکردووە. یاریزانانی پێشوو کە لە خولی ئەمریکی یارییان کردووە، بەردەوام باسی ستایڵی ژیانی ئەمریکایان کردووە، پێچەوانەی سعودیە، کە لەگەڵ کولتووریان ناگونجێت و تەنانەت دەبێ دەستبەرداری ئازادییەکانیشیان ببن.

نیویۆرک سیتی
ئاندرێیا پیرلۆ، فرانک لامپارد و دەیڤد ڤییا لەگەڵ نیویۆرک سیتی

خولی ئەمریکی ئەزموونێکی باشیان لەگەڵ گواستنەوەی ناوە دیارەکان نەبووە، بۆ نموونە کاتێک نیویۆرک سیتی، دەیڤد ڤیا، فرانک لامپارد و ئاندرێیا پێرلۆی گواستەوە، هیچ نازناوێکیان نەبردەوە. بەڵام یانەی رێد بوڵز وەرزێکی باشیان لەگەڵ تێری هێنری بەسەر برد. یانەی لۆس ئانجلێس گالاکسی نەیتوانی لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ زۆر بڕوات و تەنانەت ستێڤن جێرارد، 18 مانگی بێ دەستکەوت و خراپی لەگەڵ گالاکسی بەڕێکرد. کاتێک شێردان شەقیری بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک یاری بۆ چیکاگۆ فایەرز کرد، یەکێک بوو لە خراپترین وەرزەکانی ئەو یانەیە.

لە ساڵی 2017 یانەی تۆرۆنتۆ پارەیەکی زۆری خەرج کرد و لە کۆتاییدا توانی سێ نازناو بباتەوە، بەڵام سێباستیان جیۆڤینکۆ، مایکڵ برادلی و جۆزێ ئاڵتیدۆر، لە باشترین ئاستی خۆیاندا بوون. بەڵام کاتێک گرێبەستیان لەگەڵ لۆرێنزۆ ئینسینیێ و فێدێریکۆ بێرناردێسکی واژۆ کرد، خراپترین ئەنجامیان تۆمار کرد. گارێس بەیڵ جامی ئەمریکای لەگەڵ لۆس ئانجلێس بەدەستهێنا، بەڵام بە هۆی پێکانی بەردەوام نەیتوانی رۆڵێکی بالا بگێڕێت. لە لایەکی دیکەوە، ئاتڵانتا یونایتد جامی ئەمریکایان بە پشت بەستن بە تواناکانی میگێل ئالمیرۆن و جۆسێف مارتینێز بردەوە.

ئەستێرەکان ئەگەر شکستیشیان لە خولی ئەمریکی هێنابێت، بەڵام توانیویانە سەرنجێکی زۆری میدیایی بۆ خۆیان رابکێشن و مارکێتینگێکی باش بۆ کولتووری ئەمریکی بکەن.

لە وەرزی رابردوودا، ژمارەی هاندەرانی ئامادەبوو لە یاریگای تۆرۆنتۆ بە هۆی ئینسینیێ و بێرناردێسکی زۆر زیاد بوو، هەرچەندە نەیتوانی ئەنجامێکی ئەوتۆ بەدەستبهێنێت. لە دوای تێری هێنرییەوە، ژمارەی هاندەرانی ئامادەبوو لە یاریگای رێد بوڵز زۆر دابەزیوە.

مێسی وەک هەنگاوی یەکەم توانی هەریەکە لە سێرجیۆ بوسکێتس و خۆردی ئالبا لەگەڵ خۆی بباتە ئینتەر مەیامی، رەنگە لە داهاتوودا کاریگەری زیاتر بێت.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا خولی سعودی نەبووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لەسەر خولی ئەمریکی، بەڵام بەرپرسانی MLS لە نزیکەوە چاودێری دۆخی خولی سعودی دەکەن و بزانن، چ ئەستێرەیەکی دیکەش دەچێتە خولەکەی کەنداو.

بابەتی زیاتر

Back to top button