ئیتاڵیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

رۆما ئەمڕۆ لەگەڵ بریکاری کارەکانی ئالڤارۆ مۆراتا کۆدەبێتەوە

یاریگا –

بڕیارە ئەمڕۆ یانەی رۆما لەگەڵ بریکاری کارەکانی ئالڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆببێتەوە.

پێگەی فووتبۆڵ ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، ئالڤارۆ مۆڕاتای ئیسپانی لەگەڵ پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینی گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە یانەی رۆما و کەشی یاریکردن بە درێسی جالۆڕۆسی.

مۆڕاتا  سەرسامبووە بە قسەکانی هاوڕێ کۆنەکەی یانەی یوڤێنتوسی، بیرۆکەی یاریکردنی بۆ رۆما بەدڵ بووە، هاوژینی یاریزانەکەش ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا دەکات، هۆکارێکە بۆ پەیوەندی کردنی ئالڤارۆ بە گورگەکانی پایتەخت.

هێرشبەرە تەمەن 30 ساڵانییەکە متمانەی بە جۆزێ مۆرینیۆ هەیە، کە بیکات بە بەشێکی سەرەکی لە پرۆژەکانی، بەرپرسانی رۆما لە چەند رۆژی رابردوو بەردەوام لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ بریکاری کارەکانی، ئەمڕۆش لە نزیکەوە لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە.

مووچەی ساڵانەی مۆراتا لە ئاتلێتیکۆ 6.5 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کەم دەبێتەوە بۆ 5.5 ملیۆن یۆرۆ، دواتریش دەبێت بە 4.5 ملیۆن یۆرۆ، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 21.5 ملیۆن یۆرۆیە و لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کەم دەبێتەوە بۆ 12 ملیۆن یۆرۆ.

بەڵام رۆما پارەی تەواوی لە بەردەستدا نییە، بۆ گواستنەوەی ناوبراو دەبێت یاریزان بفرۆشێت، کە سپینازۆلا و رۆجەر ئیبانێز دوو پاڵێوراوی سەرەکین بۆ جێهێشتنی یانەکە لەم هاوینەدا.

مۆراتا بە درێسی یانەکانی ریال مەدرید، یوڤێنتوس، چێڵسی و ئاتلێتیکۆ مەدرید 541 یاری کردووە، خاوەنی 195 گۆڵ و 77 ئەسیستیشە.

بابەتی زیاتر

Back to top button