ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

بێرناردۆ سیلڤا ئامانجێکی دیکەی گەورەی بارسێلۆنایە

چاڤی داوای کردووە هەموو هەوڵیک بدەن بۆ گواستنەوەی

یاریگا –

بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤای پۆرتوگالی چڕکردووەتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، هەوڵەکانی بارسێلۆنا بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی بێرناردۆ سیلڤای 28 ساڵان، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە سوورە لەسەر بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی.

چاڤی پێویستی بە ناوەڕاستکارێکە توانایەکەی بەرزی هەبێت لە پاسدان، سیلڤا بژاردەی یەکەمی راهێنەرە ئیسپانییەکەیە، بەرپرسانی بارسا ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە بە زەحمەت دەزانن، بەڵام بەڵێنیان داوە هەموو هەوڵیک دەدەن بۆ گواستنەوەی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی راهێنەرەکەیان.

خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە لە دوایین لێدوانی بۆ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکرد، کە چاڤی یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست و بەرگری باڵی راستی دەوێت، هەرچەندە سەرۆکەکەی بارسا ناوی کەسی نەهێنا، بەڵام مۆندۆ پێیوایە سیلڤا ئەو یاریزانەیە کە راهێنەرەکەی بارسا داوای کردووە، چوونکە گواستنەوەی سیلڤا، خەونێکی لەمێژینەی چاڤییە.

بەڵام گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ بارسا ئاسان نییە، چوونکە سیتیزن بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، خودی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکەش خۆشەویستییەکی زۆری بۆی هەیە و ئارەزووی مانەوەی دەکات لە تیپەکەیدا.

یاریزانەکە خەون بە یاریکردن بۆ بارسا دەبینێت، وەرزی رابردووش هەوڵێکی زۆریدا بۆ پەیوەندیکردن بە بارسا، بەڵام بەرپرسانی سیتیزن رێگرییەکی زۆریان لێ کرد، بەڵام بۆچوونی بەرپرسانی بلوو موون گۆڕاوە، گواردیۆلا بە سیلڤای گوتووە ئەگەر دەیەوێت لەم وەرزە بڕوات رێگری لێ ناکات هەرچەندە حەز بە رۆیشتنیشی ناکات.

بارسێلۆنا بیری لەوە کردووەتەوە ئەگەر بەهۆی کێشە داراییەکانی لەم وەرزە نەتوانێت بە گرێبەستێکی درێژ خایەن ناوبراو بگوازێتەوە، ئەوا هەوڵدەدات بەشێوەی خواستن بیگوازێتەوە، بەڵام مەرجی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لە بەردەستدا بێت.

ئەستێرە پۆرتوگالییەکە تا هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە، لە مانگی داهاتوو تەمەنی دەبێت بە 29 ساڵ، پاش شەش وەرز یاریکردن بە درێسی سیتیزن، ئارەزووی ئەنجامدانی سەرکێشییەکی نوێ دەکات.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەگەری شکست هێنان لە گواستنەوەی بێرناردۆدا، بارسا پەنا دەباتە بەر گواستنەوەی لۆ سێلسۆی ئەرجەنتنی.

جیۆڤانی لۆ سێلسۆ پەیوەستە بە گرێبەستێک لەگەڵ تۆتنهامدا، بەڵام لە دوو وەرزی رابردوو بە شێوەی خواستن یاری بۆ ڤیارییال کردووە، یەکێکی دیکەیە لەو ناوەڕاستکارانەی کە چاڤی پێی سەرسامە، هەر بۆیە کەتەلۆنییەکان وەک شوێنگرەوەی سێلڤا تەماشای دەکەن لە ئەگەری سەرنەکەوتن لە بەدەستهێنانی کوڕە پۆرتوگالییەکەدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button