ئه‌مریکا

مێسی وادەی وازهێنانی لە یاریکردن دەستنیشانکرد

یاریگا –

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەر میامی، پشتڕاستیکردەوە بەهۆی چونە تەمەنەوە نزیکە لە ماڵئاوایی کردن لە تۆپی پێ.

مێسی، تا ئێستا بە دیاریکراوی بڕیاری نەداوە کەی ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکات. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی خۆی، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بۆ ماوەیەکی کورتی دیکە بەردەوام دەبێت لە یاریکردن.

ئەستێرەکەی تانگۆ دوێنێ شەو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە بەرنامەی ئەرجەنتین تیڤی شۆ، وەڵامی چەند پرسیارێکی سەرنجڕاکێشیدایەوە، کە لە خوارەوە دەتوانن بیخوێننەوە:

کەی ماڵئاوایی لە تۆپی پێ دەکەیت؟

بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنم، کاتێکی زۆر نەماوە بۆ ئەمە، بەڵام بە تەواوی نازانم کەی دەبێت. پێم وایە ئەمە لە کاتی گونجاودا روودەدات. دوای ئەوەی توانیم هەموو شتێک بەدەست بهێنم، ئێستا تەنها بۆ چێژ یاری دەکەم. وەک هەمیشە باسم کردووە تەنها خودا دەزانێت ساتی ماڵئاوایی من کەی دەبێت.

ئەگەر جامی جیهانیت نەبردبایەوە چی رووی دەدا؟

ئەگەر مۆندیالم نەبردبا ماڵئاواییم لە هەڵبژاردەی نیشتمانی دەکرد و ئیتر لەوێ یارییم نەدەکرد. زۆر ساتی خۆش و ناخۆشم لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بەسەر بردووە. سەردەمێک هەبوو لە بارسێلۆنا دۆخێکی زۆر باشم هەبوو و چەندین پاڵەوانێتی خولەکەم بەدەست هێنا و یەک لە دوای یەک خەڵاتی تاکەکەسیم بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا ئازارێکی زۆرم چەشت و خێزانەکەشم لە ژێر فشارێکی زۆر دابوو.

دۆڕان بەرامبەر سعودیە لە سەرەتای مۆندیال

ساتێکی سەخت بوو چونکە نەماندەزانی چۆن کاردانەوەمان هەبێت چونکە خۆشبەختانە ئەو جۆرە ئەزموونەمان نەبوو. زۆرێک لە یاریزانەکان یەکەم ئەزموونی مۆندیالیان بوو و دۆڕانیش بەرامبەر سعودیە بەو هۆیەوە قورس بوو. پێمان خۆش بێت یان نا، سترێس و فشار هەیە. بەڵام تیمەکەمان نیشانیدا کە دەتوانن بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ بن و هێزی خۆیان نیشان بدەن.

یاری کردن لە ئینتەر میامی

من و خێزانەکەم دڵخۆشین بەو بڕیارەی کە دامان. ئێمە بە تامەزرۆییەوە رووبەڕووی ئەزموونی نوێ دەبینەوە. بیرکردنەوەم هەرگیز ناگۆڕێت و لە هەر شوێنێک بم هەموو هەوڵێک دەدەم. دەبێت هەموو هەوڵێک بدەم بۆ خۆم و یانەکە و بەردەوام بم لە بەرزترین ئاست.

بابەتی زیاتر

Back to top button