ئیتاڵیاچامپیۆنزلیگ

لە پای دوورخستنەوەی لە چامپیۆنزلیگ، ئێمری جان هەڵوێست دەنوێنێت

یاریگا- دوێنێ ماوریزیۆ ساری لیستی ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشکرا کرد کە پێکهاتەکەی پێ تەواو دەکات بۆ یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ.

یوفا مەرجی داناوە کە ژمارەی یاریزانی هەر یانەیەک بۆ بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکە پێویستە لە 25 یاریزان زیاتر نەبێت، ئەوەش ڕاهێنەرەکەی یوڤی ناچار کرد چەند یاریزانێک دوور بخاتەوە، کە دیارترینیان ئێمری جانی ئەڵمانیی و ماریۆ مانزۆکیچی کرواتیی بوون.

ئەمڕۆ میدیاکان لێدوانێکی ئێمری جانیان بڵاو کردۆتەوە کە بە هەڵوێستەکانیدا دەچێتەوە لە پای ئەو بڕیارە و ڕوونی کردۆتەوە”زۆر نیگەران و پەستم. چونکە گفتوگۆکەمان لەو بارەیەوە تەنها خولەکێکی خایاند و هیچ هۆکارێکیشم پێ نەدرا، بۆیە ئەوە پەست و توڕەم دەکات. کە گەڕامەوە بۆ ئیتاڵیا، دەرەنجامەکان لێک دەدەمەوە و قسە لەگەڵ یانەکە دەکەمەوە. من هەفتەی ڕابردوو شتێکیترم پێ وترا و بەڵێنی شتێکیترم پێدرا. پاریس سان جێرمان گفتوگۆیان لەگەڵدا کردمەوە، بەڵام من بڕیاری مانەوەم دا، مەرجیش ئەوە بوو لە چامپیۆنزلیگ بەشداربم.”

ساری هاوکات جیۆرجیۆ کیلینی بەرگریکاریشی لە لیستەکەدا نەنووسیوە، کە ئەمەیان دووچاری پێکان هاتووە لە ئەژنۆیدا و هەر دوێنێش نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام درا.

یوڤی لە کۆمەڵەی چوارەم دێت لەپاڵ یانەکانی ئەتڵەتیکۆ مەدرید و لیڤەرکوزن و لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ.

بابەتی زیاتر

Back to top button