فه‌ره‌نساگرنگترین

شەڕی کاردیف و نانتس بەردەوامە چوار ساڵ دوای کۆچی دوایی سالا

چوار ساڵ تێپەڕیووە بەسەر گیان سپاردنی ئیمیلیانۆ سالای هێرشبەری ئەرژەنتینی و هێشتا کێشە یاساییەکانی رووداوە دڵتەزێنەکە کۆتایی نەهاتووە.

لە مانگی یەکی ٢٠١٩دا، سالا لە نانتی فەڕەنسییەوە گوێزرایەوە بۆ کاردیف بەرامبەر بە ١٧ ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە رێگەدا فڕۆکەکەی تێشکا و بەر لەوەی بگاتە یانە تازەکەی گیانی لەدەستدا.

لەدوای ئەو رووداوە، کاردیف ئامادەنەبوو ئەو پارەیە بداتە نانتس کە لەسەری رێککەوتبوون، لە بەرامبەردا نانتس دەیگوت گرێبەستی فەرمی لە نێوانمان دایە و دەبێت پارەکە بدەن. دواتر فیفا کەیسەکەی یەکلاکردەوە و بە کاردیفی راگەیاند دەبێت پارەکە بدات.

لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، کاردیف تەنها یەک بەشی پارەکەی داوە، کە ٨ ملیۆن یۆرۆ بوو. لەوکاتەی فیفا داوا لە کاردیف دەکات دوو بەشەکەی دیکەی پارەکە بدات، یانە ئینگلیزییە ئێستا پاساوێکی گونجاوی پێیە و نایەوێت ئەوەی ماوە بیدات.!

کاردیف پێی وایە گەندەڵی  و دەست تێکەڵکردن هەبووە لە نێوان باکاری سانۆگۆ بریکاری سالا و  فرانک کیتای بەڕێوبەری گشتی نانتس. لە بەیاننامەکەی کاردیف هاتووە “دوێنێ بەڕێوبەری گشتی نانتس فرانک کیتا و باکاری سانۆگۆ لە فەڕەنسا دەستگیرکران لەلایەن بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانی رێکخراو و تاوانی دارایی.  ئەگەری ئەوە هەیە دەست تێکەڵکردن هەبێت لە نێوان ئەو دوو کەسەدا لە ساتی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانە. هەر بۆیە وا دادپەروەرانەترە ئەو بڕە پارەیەی لێمان داواکراوە دوابخرێت تا کاتی کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس”.

پێشتر کاردیف لە دادگای کاس سکاڵای لە دژی فیفا تۆمارکردبوو چونکە داوایان لێدەکردن پارەی گرێبەستێک بدەن بە بێ ئەوەی یاریزانەکە گەیشتبێتە یانەکەیان بەڵام کاس  پێی راگەیاندن ئەوان دەسەڵاتی ئەم جۆرە کەیسانەیان نیە.

کاردیف لە کۆتایی وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە پریمەرلیگ دابەزی بۆ پلە یەک و لەوکاتەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە خولەکە.

Back to top button