ئیسپانیا

گوندۆگان تاک لایانە دەتوانێت گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵوەشێنێتەوە

یاریگا –

شەوی رابردوو راگەیەندرا کە یانەی بارسێلۆنا توانی گرێبەستێکی دوو ساڵە لەگەڵ ئیلکای گوندۆگان واژۆ بکات. ئەمڕۆ رۆژنامەی سپۆرت بڕگەیەکی تایبەتی ئەم رێککەوتنەی ئاشکراکرد.

یانەى بارسێلۆنا کە بەنیازبوو بۆ سێ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ ئیلکای گۆندۆگان بکات، شەوی رابردوو زۆر لەم بابەتە نزیک بووەوە، میدیاکانیش بڵاویانکردەوە، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی تەواو.

دوێنێ، ماتیۆ ئەلمانی، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا، گەشتێکی بۆ میونشن کرد بۆ تەواو کردنی دوا وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئەو یاریزانە. ئەلمانی لە گەڕانەوەیدا بۆ بارسێلۆنا،دووپاتیکردەوە کە گرێبەستەکەیان یەکلایی کردووەتەوە.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستەکەی گۆندۆگان دوو ساڵە لەگەڵ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تا ساڵی 2026، بەڵام کێشەی دارایی بارسێلۆنا وایکردووە گرێبەستی یاریزانی نوێ قورس بێت، بەڵام ئیلکای بەڵێنی پێدراوە بەر لە دەستپێکردنی وەرز گرێبەستەکەی واژۆبکرێت.

بەڵام کاپتنی وەرزی رابردووی سیتیزن پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بڕگەیەک بۆ گرێبەستەکەی زیاد بکرێت کە ئەگەر گرێبەستەکەی لە یەکەم یاری بارسێلۆنا لە وەرزی نوێ واژۆ نەکرێت و بەشێک لە مووچەکەی پێنەدرێت ئەوا بژاردەی دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە شێوەیەکی تاکلایانە، کە لەسەری رێککەوتبوون.

بەم شێوەیە بارسێلۆنا تا یەکەم یاری فەرمی ئەم وەرزە کاتی ماوە بۆ واژوو کردنی گرێبەستەکەی گوندۆگان.

بابەتی زیاتر

Back to top button