ئه‌مریکا

هۆشدارییەک بۆ مێسی: خولی ئەمریکی شاری یاری نییە

یاریگا –

واکەر زیمەرمەن، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەمریکا، پێشوازی لە هاتنی لیۆنێل مێسی کرد بۆ خولی ئەم وڵاتە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی پێدا کە ئەرکێکی قورسی لە پێشە.

تا چەند رۆژێک لەمەوبەر زۆر کەس پێیان وابوو وەرزی داهاتوو لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەیەکەوە دەبینن لە خولی سعودی، بەڵام دۆخەکە جیاواز دەرچوو.

بەهۆی بارودۆخی خێزانییەوە، ئەم یاریزانە بڕیاریدا دەستبەرداری مووچەی زەبەلاحی ئەلهیلال بێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بارودۆخی دارایی بارسێلۆنا بۆ وەرگرتنی ئەو یاریزانە گونجاو نەبوو، پەیوەندی بە خولی ئەمریکی و یانەی ئینتەرمیامی دەکات.

زیمەرمان کە بە درێژایی ماوەی یاری تۆپی پێ لە خولی ئەمریکی بووە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان کە پێگەی گۆڵ ئاماژەی پێکردوە سەبارەت بە پەوەندی کردنی مێسی بۆ ئەم خولە گوتی:

پێموایە مێسی بەهرەمەندی تایبەتی جیلی ئێستایە و کەسێکە کە توانیویەتی ئەم وەرزشە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری تێدا بکات.
لە درێژەی قسەکانی گوتی:

هیوادارم ئەویش وەک رکابەرێکی جدی بمێنێتەوە و هەمان ئاستی رکابەری پێشکەش بکات چونکە بینیومانە خولی ئەمریکی بە هیچ شێوەیەک خولێکی ئاسان نییە و قورسە. ئەمە خولێکە کە دەبێت گەشتی زۆری تێدا بکەیت و لە یارییە سەختەکاندا یاری بکەیت. بۆ ئەو ئەم شتە نامۆ نیە، بەڵام دڵنیام دەبێت خۆی بسەلمێنێت چونکە یاریزانەکان دەچنە یاریگا بۆ ئەوەی دواتر بە منداڵەکانیان بڵێن کە بەرامبەر مێسی یارییان کردووە.

هیوادارم بتوانێت لە میامی زۆر شت بکات و سەرکەوتنێکی زۆر بۆ ئەم یانەیە بەدەست بهێنێت. بێگومان هیوادارم زۆریش سەرکەوتوو نەبێت چونکە ئێمەش لە کۆنفرانسی رۆژهەڵاتین، بەڵام سەیرکردنی یاری ئەو لە ئەمریکا زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت”.

بابەتی زیاتر

Back to top button