ئاسیائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دوایین زانیارییەکان گەیشتن.. مێسی پەیوەندی بە هیلال یان بارسێلۆنا دەکات؟

یاریگا –

تاوەکو ئێستا سێ یانە کێبڕکێی توند لەسەر بەدەستهێنانی خزمەتەکانی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەکەن و هیچ بڕیاری یەکلاکەرەوەش نەدراوە.

لیۆنێل مێسی رۆژی شەممەی رابردوو، دوا یاری خۆی بە درێسی پاریس سانجێرمان لە بەرامبەر کلێرمۆن کرد و دواتر یانەکە بە فەرمی رۆیشتنی مێسی راگەیاند.

ناوی لیۆنێل مێسی بە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا بەستراوەتەوە، هەرچەندە یانە کاتالۆنییەکە کێشەی دارایی گەورەی هەیە، بەڵام دەستبەرداری بیرۆکەی گواستنەوەی نەبووە، لەلایەکی دیکەشەوە، هیلال تەواوی توانا داراییەکانی خۆی خستووەتەگەڕ و دەیەوێت پاڵەوانی جیهان بە یاریکردن لە خولی رۆشنی سعودی رازی بکات.

کۆمەڵەی لالیگا، رەزامەندی لەسەر پلانی توانستی دارایی بارسێلۆنا داوە، بەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی مێسی، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا لەگەڵ خۆرخێ مێسی، باوک و بریکاری ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە رێستورانتێکی بارسێلۆنا.

تۆڕی گۆڵ بڵاویکردووەتەوە، نوێنەرانی مێسی بە هیلالی سعودییان راگەیاندووە، گواستنەوەی مێسی بۆ ساڵی داهاتوو دوابخەن، بەڵام هیچ لایەنێکی فەرمی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە بێت، شاندی هیلالی سعودی بە وەڵامەکەی نوێنەرانی مێسی حەپەساون و ئەوانیش راستەوخۆ بڕیاری خۆیان گۆڕیوە و پێیان راگەیاندوون، ئەگەر مێسی ئەمساڵ پەیوەندی بە هیلال نەکات، ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو، ئۆفەرەکە زۆر لەوەی ئێستا کەمتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، تۆنی خوانمارتی، رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی روونیکردووەتەوە، شاندی هیلالی سعودی ماوەی 72 کاتژمێریان بە لیۆنێل مێسی داوە، تاوەکو وەڵامی کۆتاییان بدەنەوە.

رودی گالیانی، رۆژنامەنووسی وەرزشی باس لە نزیکبوونەوەی مێسی لە هیلال دەکات و لە تویتەر نووسیویەتی؛ هیچ شتێکی نوێ نییە، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، دوا کۆبوونەوە دەکرێت و کەس ناتوانێت مێسی لە هیلال دووربخاتەوە.

هەروەها جێرارد رۆمێرۆ، رۆژنامەنووسی نزیک لە یانە کاتالۆنییەکە لە دوای بڵابوونەوەی ڤیدیۆی کۆبوونەوەی خۆرخێ مێسی لەگەڵ سەرۆکی بارسێلۆنا رایگەیاند، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە، باوکی دەیەوێت ئۆفەرەکەی هیلال هەڵبژێرێت و هاوژین و منداڵەکانی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بارسێلۆنا.

دۆخی دەروونی مێسی زۆر خراپە، نازانێت ئەم بابەتە چۆن کۆتایی دێت. ئەگەر بڕیارەکە لە دەست ئەو بێت، ئەوا جارێکی دیکە یاری بۆ بارسێلۆنا دەکات.

بارسێلۆنا خەریکە پەیکەربەندی مووچەی یاریزانان رێکدەخاتەوە، چونکە هەموو ئامانج و هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی مێسییە بۆ بارسێلۆنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button