ئاسیائه‌مریکابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

لیۆنێل مێسی کەی درێسی ئینتەر مەیامی بەرز دەکاتەوە؟

یاریگا –

خەونی گەورەی ئینتەر مەیامی بە رەزامەندی لیۆنێل مێسی دەستپێدەکات و لە ئێستاوە یانە ئەمریکییەکە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە.

بەدەستهێنانی واژۆی لیۆنێل مێسی پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ خولی ئەمریکا، کە ئامادەکاری بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2026 لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا دەکات. بە گواستنەوەی بۆ خولی MLS، شکۆیەکی زیاتر بە ئەمریکا دەدات و دەبێتە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی یاریزانی زیاتر بۆ خولەکە.

رۆژنامەی سپۆرت لە زاری خۆرخێ رامۆس، رۆژنامەنووسی دیاری تۆڕی هەواڵی ESPN لە چەند سەرچاوەیەکی نێو ئینتەر مەیامی روونیکردووەتەوە، یانە ئەمریکییەکە خەریکی ئامادەکارییە بۆ گواستنەوەی مێسی و تەنانەت یەکەم یاری مێسیشی دەستنیشان کردووە.

خۆرخێ رامۆس روونیکردووەتەوە، ئەگەر مێسی بە ئۆفەرەکەی ئینتەر مەیامی رازی بێت، ئەوا رۆژی 21ی تەمموز، درێسی یانەکە بەرز دەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی پاڵەوانیەتی هاوینەی جامی دۆستانە کە لە نێوان ئەستێرەکانی خولی ئەمریکا و خولی مەکسیک دەکرێت. یەکەم یاری مەیامی بەرامبەر کروز ئازولی مەکسیکی دەبێت.

ئەگەر ئەم رووداوانە رووبدەن، لیۆ مێسی کاتێکی ئەوتۆی بۆ پشوو نابێت، چونکە لە دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولی فەرەنسی، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەچێتە ئاسیا و دوو یاری دۆستانە دەکەن.

مێسی دوو بژاردەی گەورەی لە پێشە، ئەوانیش ئۆفەرەکانی هیلال و ئینتەر مەیامین، هەرچەندە بارسێلۆنا جەنگ لە پێناو بەدەستهێنانی واژۆی پاڵەوانی جیهان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی پێشکەش نەکردووە.

ئەگەر لیۆ مێسی بە ئۆفەرەکەی ئینتەر مەیامی رازی بێت، ئەوا یانە ئەمریکییەکە گرێبەست لەگەڵ تاتا مارتینۆ، راهێنەری ئەرجەنتینی واژۆ دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button