ئیسپانیاگرنگترین

چاڤی: هەمووان بارسێلۆنایان دەوێت

یاریگا –

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا باس لە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی پێشووی یانەكەیان دەكات.

گرێبەستەكەی مێسی لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت و تا ئێستا بڕیاری لەسەر داهاتووی خۆی نەداوە.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ چاڤی ووتی:شتەكان بە ئاڵۆز نابینم بۆ گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی، هەمیشە دەرگاكانمان كراوەن بەروویدا و دەزانم كە یارمەتیمان دەدات.

راهێنەرەكەی یانە كەتەلۆنییەكە ووتیشی: مێسی رێزێکی زۆری بۆ پاریس هەیە، هەفتەی داهاتوو چارەنووسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە، لێرەش لە بارسێلۆنا پێیان وتم هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

سەبارەت بە دۆخی ئابووری بارسێلۆنا چاڤی ووتی: یانەكە هەوڵی تەواو دەدات بۆ گەڕانەوەی توانای ركابەریكردن، ئەمساڵ لە هەمان بارودۆخی ساڵی رابردوو داین، لەوانەیە خراپتریش بێت.

بەردەوام بوو ووتی: پێویستمان بە 6 گرێبەستە ئەگەر بمانەوێت رکابەری لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ بکەین، چاوەڕێ دەكەین بزانین دەتوانین چی بکەین، هەموویان دەیانەوێت بێنە بارسا، هیچ یاریزانێکم نەبینیوە پێمان بڵێت نەخێر و پێی باشتربێت بچێت بۆ یانەیەكی دیكە، لەگەڵ زۆرێک لە یاریزانان قسەم کرد، هەر کە پەیوەندیم پێوەکردن، دەیانگوت ”چەند خۆشە یاری بۆ بارسێلۆنا بکەم”.

ئاماژەی بەوەشكرد: رەنگە نەتوانین ئەوەی دەمانەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکەین، ئەمە راستیەكەیە، هاندەران داوای لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەکەن، بەڵام لە راستیدا لەگەڵ یانەکانی دیکە لە یەک ئاستدا نین، ئێمە هەمان ئاستی ئابووری بەرزمان نییە وەك یانەكانی مانچێستەر سیتی، بایرن میونشن، ریال مەدرید و یوڤێنتوس.

سەبارەت بە پرسیاری ئەو یاریزانانەی كە لە یانەكە دەڕۆن چاڤی ووتی: سەبارەت بە رافینیا لەگەڵمان دەمێنێتەوە، ئەو زۆر گرنگە بۆ یانەكەمان.

دەربارەی فاتی ووتی: من زۆرم خۆشدەوێت و دەبێت چاوەڕوانی بكەین، بەلام ئەوە روونە كە دەڕوات، بەهۆی زنجیرە پێكانەكانەوە لە ئاستێكی دژواردایە، ناتوانم پێشبینی مانەوەی بكەم.

لەم وەرزەدا بارسێلۆنا سەركەوتوو بوو لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا و سوپەری ئیسپانیا.

بابەتی زیاتر

Back to top button