ئیسپانیا

تیباس: ڤینیسیۆس وەك رۆناڵدۆ و مێسی وایە

یاریگا –

خافێر تیباس، سەرۆكی كۆمەڵەی خولی ئیسپانیا پەیامێكی بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نارد.

لە ماوەی رابردوودا ڤینیسیۆس تووشی چەندین رووداوی رەگەزپەرستی بوویەوە.

سەرۆكی لالیگا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە رۆژنامەی سپۆرت بڵاویكردەوە قسەیكرد دەربارەی ئەو رێوشوێنانەی لالیگا دەیگرێتە بەر دژی رووداوە رەگەزپەرستیەكان.

لە سەرەتایی كۆنگرەكەدا كاتێك پرسیاریان دەربارەی ڤینیسیۆس لێكرد ووتی: لە ساڵی 2021 پرسیاریان لێكردم كێ جێگای لیۆنێل مێسی دەگرێتەوە؟ وەڵامەكەم ڤینیسیۆس بوو.

بەردەوام بوو ووتی: من دڵنیام لە داهاتوودا خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونی دەباتەوە، ئەمە دەڵێم چونكە دڵنیام ڤینیسیۆس یاریزانێكی گرنگە لە پێكهاتەی ریال مەدرید و بەڕازیل.

لە درێژەی قسەكانیدا تیباس ووتی: ئێمە دەزانین کە ڤینی یاریزانێکی گەورەیە، هەروەها وەک ئەوەی بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یان لیۆنێل مێسی ڕوویدا، ئەویش یەکێکە لەوانەی زۆرترین سووکایەتی پێدەگات.

لە یاری ریال مەدرید بەرامبەر ڤالینسیا چەندین رووداوی دوور لە وەرزشی روویدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر چەندین جار تووشی سووكایەتی و وشەی رەگەزپەرستی بوویەوە لەلایەن هاندەرانی ڤالینسیاوە كە بە مەیمون بانگیان دەكرد و هیوای مردنیان بۆ دەخواست.

بابەتی زیاتر

Back to top button