ئیسپانیا

دزی لە ماڵەکەی جەستن کڵایڤێرت کرا

یاریگا –
جەستن کڵایڤێرت دوایین قوربانی دزی لێکرانە، لە ماڵی یاریزانە بەناوبانگەکانی تۆپی پێ.

لەکاتێکدا هێرشبەرەکەی ڤالێنسیا لەگەڵ تیپەکەی گەشتی مایۆرکای کرد بۆ یاریکردن بەرامبەر ڕیال مایۆرکا، هەندێک دز هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری ڤالێنسیا.

دزەکان کە دەگوترێت سێ کەسبوون، لە هاوسەرەکەی کڵایڤێرت داوە و بە بەهای نزیکەی 200 هەزار یۆرۆ ئاڵتوون و کاتژمێریان لێ دزیووە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، هاوسەری یاریزانە هۆڵەندییەکە تازە لە یاریکردن گەڕابووەوە، کاتێک دزەکان لێیانداوە بۆ ئەوەی شوێنی ئەو شتە بەنرخانەی ناو ماڵەکە ئاشکرا بکەن.

دەگوترێت ئەم ڕووداوە بە گشتی پێنج خولەکی خایاندووە و دزەکان بەو کەلوپەلە بەنرخانەی کە بردبوویانە ماڵەکەیان بەجێهێشتووە.

هەرچەندە لێدانەکەی توند نەبووە و کڵایبێرت بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە مایۆرکا دەمێنێتەوە و دەستبەجێ ناگەڕێتەوە ڤالێنسیا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ئیسپانیا زۆرێک لە یاریزانان دزیان لێ کراوە. لەوانەش ڕۆدریگۆ، ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ڕیال مەدرید، کاتێک لەگەڵ تیپەکەی لە سیڤیلیا بوو بۆ بەشداریکردن لە یاری کۆتایی جامی شا، درکی بەوە کرد کە دزەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە لە شاری مەدرید.

شتێکی هاوشێوە بەسەر جول کوندێ بەرگریکاری بارسادا هات و لەکاتی یاریکردن بەرامبەر بیتیس دزەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و بەشێک لە شتە بە بەهاکانیان برد. بێگومان جیاوازیی نێوان کوندێ و کلویڤێرت ئەوەیە کە کەس لە ماڵەوە نەبوو کاتێک دزی لە ماڵی کوندێ کرا.

تەنانەت لیۆنێل مێسی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دەستی دزەکان سەلامەت نەبووە و دوو پیاو بە جلوبەرگی ڕەشەوە چوونە ناو حەوشەی ماڵەکەی لە بارسێلۆنا و کاتێک نەیانتوانی بچنە ناو باڵەخانەی سەرەکییەوە، پێش گەیشتنی پۆلیس هەڵاتن.

بابەتی زیاتر

Back to top button