ئینگلتەرا

دی زێربی دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ بڕایتن بەدەستهێنا

بۆ یەکەمجارە لە مێژووی یانەکە ئەم رووداوە روودەدات

یاریگا –

رۆبێرتۆ دی زێربی ئیتاڵی دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ یانەی بڕایتنی ئینگلیزی بەدەستهێنا.

دوێنێ یەکشەممە لە میانی یارییەکانی گەڕی 37ـی پرێمەرلیگ یانەی بڕایتن، لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی ساوسهامپتنی کرد، یارییەکەشی بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر بە 1 گۆڵ بردەوە.

بەم سەرکەوتنەش بڕایتن، بە فەرمی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا پلیتێکی گەیشتن بە یەکێک لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتووی مسۆگەرکرد.

بڕایتن بە کۆکردنەوەی 61 خاڵ لە 36 یاریدا پلەی شەشەمی پرێمەرلیگی گرتووە، ئەستۆن ڤێلا بە کۆکردنەوەی 58 خاڵ و تۆتنهام بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ لە 37 یاریدا پلەی حەوتەم و هەشتەمیان گرتووە.

کەنارییەکان لە دوو یاری کۆتایی خولەکە رووبەڕووی مانچێستەر سیتی و ئەستۆن ڤێلا دەبنەوە، بە بردنەوەی یارییەک یاخود یەکسانبوون لەگەڵ ئەستۆن ڤێلادا پلیتێکی گەیشتن بە یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر دەکەن.

لە ئەگەری شکست هێنان لە هەردوو یارییەکەش پلیتێکی گەیشتن بە کۆنفڕانسلیگی وەرزی داهاتوو بەدەستدەهێنن، لە هەردوو حاڵەتدا یانەکە بۆ یەکەمجار دەبێت لە مێژووی خۆیدا بەشداری پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی بکات.

دی زێربی لە مانگی نۆی 2022 لە جێگای گراهام پۆتەر بووە راهێنەری یانەکە، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 37 یاری خاوەنی 19 بردنەوە، 6 یەکسانبوون و 12 شکستە.

بەهۆی ئاست بەرزی تیپەکەیشی زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاویان لەسەرییەتی، بەڵام گرێبەستەکەی 4 ساڵی دیکەی ماوە، پێشبینی دەکرێت لە وەرزی داهاتووش لەگەڵ بڕایتن بەردەوامبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button