ئه‌وروپا

چیرۆكی گواستنەوەی مێسی و ڕۆناڵدۆ بۆ ئەرسیناڵ

یاریگا: بەشێکی زۆری ئەو یاریزانانەی ئێستا لە دەیەی سێیەمی تەمەنیانن، رۆژێک لە رۆژان خەونیان بە یاریکردن بۆ یانەی ئارسیناڵ بینیوە، گەنەرز ١٥ ساڵ پێش ئێستا یەکێک بوو لە یانە کێبڕكێکارەکانی ئەوروپا و پرێمەرلیگ، بۆیە دوورنییە یاریزانانی وەک لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، رۆژێک لە رۆژان حەزیان بە یاریکردن بۆ ئەو یانەیە هەبووبێت.
فرانسێس کاجیجاو، یەکێکە لەوانەی بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ کاری یاریزان دۆزەرەوەی لە ئارسیناڵ کردووە، لە هاوینی ئەمساڵ یانە لەندەنییەکە بڕیاری دەستبەرداربوونی لە خزمەتەکان کاجیجاو راگەیاند. کاجیجاو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی گۆڵ باسی لە هەوڵەکانی ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ و مێسی لە سەرەتای کاروانی وەرزشیان کرد.
کاجیجاو دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٠٣ مێسیمان ناسی و چەندین یانە لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە نزیکەوە چاودێریان دەکرد، هەمووان باش لە تواناکانی تێگەیشتبوون، ئەو کاتە بە نوێنەرایەتی ئارسیناڵ گفتوگۆم لەگەڵ نوێنەرانی مێسی کرد، ئەو کات هەستم کرد، لیۆ نزیکە لە پەیوەندیکردن بە ئێمەوە، بەڵام ئەو کاتە چەندین کۆت و بەند لەسەر یاریکردنی ئەو لە دەرەوەی وڵات هەبوون، کۆت و بەندەکان وایان کردبوو، لیۆ تەنیا بتوانێت بەشداری لە یارییەکانی ناوخۆی هەرێمی کاتالۆنیا بکات.

کاجیجاو کە خەڵکی ئیسپانیایە زیاتر دەڵێت، ئەوکاتە لەڕووی یاساییە هەڵسەنگاندنمان بۆ بابەتەکە کرد، گەیشتینە ئەو بڕوایەی بە هیچ شێوەیەک ئارسیناڵ ناتوانێت لیۆ بگوازێتەوە ریزەکانییەوە، هەر ئەو کاتە بەردێکمان لەسەر بابەتەکە دانا.
کاجیجاو لەبارەی گواستنەوەی جێڕارد پیکێیەوە روونیکردەوە، هەریەکە لە پیکێ و سیسک فابرێگاس لە ئەکادیمیای بارسێلۆنا یارییان دەکرد، بەڵام لە کۆتایی گفتوگۆکان تەنیا توانیمان خزمەتەکانی فابرێگاس بەدەستبهێنین.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا کاجیجاو باسی لە کەیسی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد، “زۆر نزیک بووین لە گواستنەوەی رۆناڵدۆ، ئەوکاتە رۆناڵدۆ یاریزانێکی لاوی بەتوانا بوو، بەڕاستی کەناڵی پەیوەندی زۆر فراوانمان لەگەڵ دەوروبەری رۆناڵدۆدا هەبوو”.
گواستنەوەی یاریزانێکی وەک رۆناڵدۆ فشارێکی زۆری لەسەر تیمەکەی کاجیجاو دروست کردبوو، ئەو دەڵێت ”کارامەیی یاریزان زۆر جیاواز لە گرێبەستکردن لەگەڵیدا، بۆ بەدەستهێنانی خزمەتەکانی یاریزانێکی لەمجۆرە، پێویستە زۆر خێرا، چووست و ژیر بیت بۆ کۆکردنەوەی تەواوی زانیارییەکان، هەربۆیە لە گرێبەستکردن لەگەڵیدا دواکەوتین و ئارسیناڵ نەیتوانی بیگوازێتەوە ریزەکانی”.
کاجیجاو بە درێژایی کارکردنی لەگەڵ ئارسیناڵ رۆڵی لە گواستنەوەی یاریزانانی وەک ناچۆ مۆنریال، سانتی کازۆرلا، رۆبن ڤان پێرسی و گابریێل و ویلیام سالیبا گێڕاوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button