ئه‌وروپافه‌ره‌نسا

لە تەنها یەک باردا بنزیمە دەتوانێت یاری بۆ هەڵبژاردەیەکیتر بکات

یاریگا- مشتومڕەکان لەسەر کۆتا هەڵوێستی یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا بەردەوامە کە لە زاری سەرۆکی یەکێتییەکەوە ڕاگەیەندرا هەڵبژاردەی نییشتیمانیی بۆ کەریم بنزیمە کۆتایی هاتووە.

لای خۆیەوە وەک کاردانەوەیەکی خێرا بۆ قسەکانی نۆیڵ لو گرایتی سەرۆک، بنزیمە ئەو قسانەی ڕەت کردەوە و هێرشی پێچەوانەی کردە سەری بەوەی تەنها خودی خۆیەتی وەک یاریزان کەی بڕیار لە کۆتایی هاتنی کاروانی وەرزشیی لەگەڵ هەڵبژاردە دەدات، هاوکات ئەوەشی لە تویتەکەیدا خستە بەردەم نۆیڵ کە گەر لەگەڵ فەڕەنسا کۆتایی هاتبێ، ڕێگەی بدەن بۆ هەڵبژاردەیەکیتر یاری بکات. کە ئەمەش لە یاساکانی فیفادا ڕێگەپێنەدراوە کە یاریزانێک پێشتر بە درێسی هەڵبژاردەیەکەیترەوە یاری کردبێت، بواری ئەوەی پێنادرێت نمایندەی وڵاتێکتر بکات.

ئەم بابەتەی هێرشبەرەکەی ڕیاڵ و یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا بۆتە باسی میدیاکان و ڕۆژنامەی ‘ئاس’ی ئیسپانی پەی بە ماددەیەکی یاساکانی فیفا بردووە کە دەشێت دەرچەیەک بێت بۆ بنزیمە یاری بۆ هەڵبژاردەیەکیتر بکات، ئەگەرچی یاساکە بەشی خۆی لە مەحاڵ و زەحمەتیشی تێدایە. ڕۆژنامەکە ماددەی ژمارە 8 بڕگەی 2ی خستۆتە بەر باس، کە باس لەوە دەکات ئەگەر هەر یاریزانێک بە بێ ویستی خۆی ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی لێ سەندرایەوە، لە بەرامبەردا دەتوانێت داوای ئەوە بکات پەیوەندی بە هەڵبژاردەیەکیترەوە بکات.

ئەمەش تا ڕادەیەک قورسە بۆ حکومەتی فەڕەنسا کە بەبێ هۆکارێکی گەورە، ڕەگەزنامە لە یاریزانە بە ڕەگەز جەزائیرییەکە وەربگرێتەوە و دوا جار ڕوو بکاتە وڵاتێکیتر، کە بەهێزترین ئەگەر جەنگاوەرەکانی بیابانن (جەزائیر).

بابەتی زیاتر

Back to top button