ئه‌وروپافه‌ره‌نسا

بنزیمە بێدەنگی شکاند: ڕێگەم بدەن با بۆ وڵاتێکیتر یاری بکەم!

یاریگا- کەریم بنزیمە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا و دیدیە دیشای ڕاهێنەر بێدەنگی شکاند و داوای لە یەکێتییەکە کرد ڕێگەی بدەن بۆ هەڵبژاردەیەکیتر یاری بکات.

وەڵامدانەوەی بنزیمە لە ڕێگەی تویتێکەوە بوو وەک کاردانەوەیەک دوای قسەکانی نۆیڵ لو گرایتی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا کە بەم دوایەدا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان بۆ یاریزانەکە کۆتایی هاتووە. دوابەدوای ئەو قسەیە، هێرشبەرەکەی ڕیاڵ مەدرید لە تویتەری فەرمی خۆیەوە نووسی: “نۆیڵ، وامزانی دەست وەرنادەیەتە بڕیارە هونەرییەکانی ڕاهێنەری فەرەنسا. تەنیا من بە خۆم بڕیار دەدەم لە کۆتایی هاتنی کاروانی وەرزشییم لەسەر ئاستی هەڵبژاردە. ئەگەر تۆ پێت وایە فەڕەنسا بۆ من کۆتایی هاتووە، دەی ڕێگەم بدە با بۆ وڵاتێکیتر یاری بکەم.”

دوای تێوەگلانی لە بابەتی تۆمارە ڤیدیۆ تایبەتەکەی ماتیۆ ڤاڵبیۆنا لە ساڵی 2016، بنزیمە لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا دوورخراوەتەوە و یاساکانی فیفاش ڕێگە نادات یاریزانێک بۆ هەڵبژاردەیەکیتر یاری بکات ئەگەر پێشتر بە درێسی وڵاتێکیترەوە بەشداری کردبێت. ئەمە خاڵێکی بێ-ئومێدییە بۆ جەزائیر کە لە ئێستادا لەسەر هێڵن بۆ پەلکێشکردنەوەی یاریزانەکە کە بە نەژاد جەزائیرییە.

پێشتریش هەمان گرفت دووچاری هەڵبژاردەی مەغریب بوویەوە لە هەوڵیاندا بۆ گەڕانەوەی مونیر حەدادی، بەڵام بێ ئاکام بوون لەوەی پێشتر ناوبراو چەند خولەکێک بۆ ئیسپانیا یاری کردبوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button