ئه‌مریکائه‌وروپائەفریقا

ڕاهێنەری سوودان دەنگی یەکەمی بۆ سەڵاح بووە، دواتر گۆڕدراوە بۆ مێسی!

یاریگا- زدرافکۆ لۆگارۆسیچی کرواتیی و راهێنەری هەڵبژاردەی سوودان بابەتێکی هەستیاری وروژاند سەبارەت بۆ دەنگدانی بۆ دیاریکردنی باشترین یاریزانی جیهان (خەڵات The Best)ی فیفا کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئەلعەرەبییە.نێت، کە پێگەی Goalی عەرەبییش بڵاوی کردۆتەوە، ڕاهێنەرەکەی سوودان ئەوەی درکاندووە کە دەنگەکانی گۆڕدراوە، بەشێوەیەک دەنگی یەکەمی بۆ موحەمەد سەڵاحی میسڕی بووە، بەڵام دواتر لە ئاشکراکردنەکەی فیفادا وا هاتووە دەنگی بۆ لیۆنێل مێسی دابووبێت. لەو بارەیەوە زدرافکۆ دەڵێت: “ئەو لیستەی کە یەکێتی تۆپی پێی جیهان بڵاوی کردەوە سەبارەت بە دەنگەکانی من، بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. چونکە من سەڵاحم بە یەکەم هەڵبژارد، سادیۆ مانێ دووەم و کیلیان مباپێش دەنگی سێیەمم بوو. ئێستاش وێنەی دەنگەکەم لایە کاتێک واژۆم کرد ئەمینداری گشتی یەکێتی تۆپی پێی سوودانم لەگەڵ بوو. دواتر نازانم چی ڕووی دا، فیفا دەنگەکەی گۆڕیبوو بۆ مێسی.”

بە گوێرەی دەنگە ئاشکراکراوەکان لە لایەن فیفاوە، دەنگی یەکەمی ڕاهێنەرەکەی سوودان بۆ مێسی و، دووەم بۆ ڤان دایک و سێهەم بۆ سادیۆ مانێ بووە.

ئەم قسانەی زدرافکۆ لە کاتێکدایە کە تووڕەییەک لە شەقامی میسڕیدا لە ئارادایە، بەوەی فیفا ڕەتی کردەوە دەنگی کاپتن و ڕاهێنەرەکەیان قەبووڵ بکات، ئەوەش بە پاساوی دواکەوتنی دەنگدانیان لەو ماوەیەی بۆیان دیاریکرابوو.

لیونێل مێسی خەڵاتەکەی فیفای بردەوە دوای بەدەستهێنانی 46 دەنگ. دووەمیش ڤان دایکی هۆڵەندی 38 دەنگ و، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆش بە 36 دەنگ لە پلەی سێهەم بوو. هەرچی سەڵاح و سادیۆ مانێشە چوارەم تا پێنجەمیان گرت، میسڕییەکە بە 26 خاڵ و، سەنیگالییەکەی هاوتیمیشی لە لیڤەرپووڵ بە 23 خاڵ.

بابەتی زیاتر

Back to top button