
یاریگا-جینارۆ گاتوسۆ دان بەوەدا دەنێت ماوەی ساڵێکە لەگەڵ کارلۆ ئەنشلۆتی پەیوەندییان نەماوە.
گاتوسۆ و ئەنشلۆتی زۆر لەیەک نزیک بوون ئەوکاتەی لە میلان بەیەکەوەبوون بەڵام رووداوەکانی دواتر، پەیوەندی نێوانیانی خراپ کردووە.
گاتوسۆ ئێستا راهێنەری ڤالێنسیایە و سبەینێ لە یاری جامی سوپەر رووبەرووی مامۆستاکەی دەبێتەوە، بەر لەو یارییەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی ”
کاتێک یاریزان بووم و بینیم ئەنشلۆتی هەمووشتێک دەکات لە پێناو تیمەکەی، منیش ئامادەبووم خۆم بخەمە نێو ئاگر بۆی، کاتێکیش تووشی دۆخێکی خراپ دەبووین من هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی تیمەکە قسەم دەکرد و ئەوەش پەیوەندی نێوانمان بوو. بەڵام ئێستا پەیوەندییەکە بەو جۆرەی پێشوو نیە و ساڵێکە قسەمان نیە، بەڵام زۆر رێزی دەگرم و هیچ شتێکی ترم نیە بۆ وتن، ئەو یەکێکە لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان و زۆرمان بەیەکەوە بردووەتەوە”.
کێشەکانی نێوانیان ئەوکاتە دەستی پێکرد، کاتێک ئەنشلۆتی لە راهێنەرایەتی ناپۆلی دوورخرایەوە لە ٢٠١٩دا و لەلایەن گاتوسۆوە جێگەی گیرایەوە، پاشان گاتوسۆ لە یەکەم لێدوانیدا وتی راهێنەری پێشوو لەرووی مەشقی جەستەییەوە کارەکانی باش نەبوون لە ناپۆلی.