
یاریگا–
کارگێری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا لەم چەند رۆژەدا لە هەوڵی ئەوەدان بە زووترین کات راهێنەرێکی نوێ بۆ یانەکەیان دەست نیشان بکەن و لە نێوان رائول گۆنزالێز و هەروەها ماوریسیۆ پۆکێتینیۆ یەکێکیان چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەم پۆستە دەست نیشان بکرێت.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانیا بڵاویکردەوە بەم دواییە زۆرینەی ئەندامانی دەستەی کارگێری شایانەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامە، لە نێوان دوو پاڵێوراوەکە یەکێکیان دەست نیشان بکەن، سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە ئامانجی یەکەمی ئەو یانەیە راهێنەرەکەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسایە، بەڵام ئەگەر نەیانتوانی لەگەڵ ئەو راهێنەرە رێکبکەون، ئەو کات یەکسەر راهێنەری تیپی دووەمیان دەست نیشان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی باسکردووە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە کارگێری ریال مەدرید دەیەوێت ئانتۆنیۆ کۆنتی وەکو راهێنەری یانەکەی دەست نیشان بکات، بەڵام دەنگۆکان راست نین و ئەو یانەیە هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئەو راهێنەرە نەبووە.