یاریگا–
زینەدین زیدان، راهێنەری فەڕەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر بورووسیا مونشن گلادباخ وەڵامی رۆژنامەنوسانی دایەوە.
راهێنەرەکەی شاهانەکان سەبارەت بە یاریی داهاتوویان گووتی ” دڵنیابن ئێمە سەردەکەوین و لە چامپیۆنزلیگ بەردەوام دەبین، ئەم یارییە بۆ ئێمە وەکو فاینەڵ وایە و بە هیچ شێوەیەک بیر لە یۆرۆپالیگ ناکەینەوە”.
زیدان لەبارە دۆڕان لەم یارییە و دوورخستنەوەشی گوتی ” بە هیچ شێوەیەک بیر لەم بابەتە ناکامەوە، تەنها بیر لە یارییەکە دەکەمەوە و ئێوەش چۆن بیر دەکەنەوە ئارەزووی خۆتانە “.
راهێنەرە فەڕەنسیەکە هەروەها گوتیشی ” نامەوێت بۆ ئەم یارییە بسەلمێنم کە راهێنەرێکی چۆنم، تەنها ئەو شتەی بیری لێدەکەمەوە سەرکەوتنە “.
ریال مەدرید شەوی داهاتوو لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ میوانداری بورووسیا مونشن گلادباخی ئەڵمانیا دەکات و ئەگەر بدۆڕێن ماڵئاوایی لە پاڵەوانتیەکە دەکەن.