دیۆماندێ کۆتا ناوی مێرکاتۆ نابێت؛ مۆرینیۆ گۆڕانکاریی گەورەتر لە پێکهاتەی ریال مەدرید دەکات
ئەگەری رۆیشتنی چەند یاریزانێک هەیە

یاریگا –
مێرکاتۆ گەرموگوڕەکەی ریال مەدرید هێشتا بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا چەندین یاریزانی دیکە روو لە یانەکە بکەن و چەندین یاریزانیش ماڵئاوایی بکەن.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لە گواستنەوەی یان دیۆماندێ نزیک بووەتەوە و رۆیشتنی چەند یاریزانێک بەڕوونی دەردەکەوێت.
دیۆماندێ نزیکە، بەڵام کۆتا کەس نییە
هێرشبەرە کۆتدیڤوارییەکە وەرزی 2024-2025ـی بەشێوەی خواستن لەگەڵ یانەی لێگانێس بەسەربرد، ئێستا زۆر نزیکە لەوەی ببێتە نوێترین گرێبەستی ریال مەدرید.
دیۆماندێ دەبێتە پێنجەمین یاریزانی نوێ کە پەیوەندی بە پێکهاتەکەی جۆزێ مۆرینیۆوە دەکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، پێناچێت ئەو کۆتا دەموچاوی نوێی ژووری خۆگۆڕینی لۆس بلانکۆس بێت پێش داخرانی مێرکاتۆی هاوینە.

رۆدری پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات؟
شانبەشانی ئەستێرەکەی کۆتدیڤوار، لە چەند رۆژی رابردوو ناوی رۆدری لە هەموو شوێنێک دەبیسترێت، هەرچەندە مەدرید لە رەتکردنەوەی هەر هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی ناوەڕاستکارەکەی مانچێستەر سیتی بەردەوامە، بەڵام هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە جگە لەوەی کە یاریزانەکە بە ئاشکرا ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ لالیگا هەیە و ریال مەدریدیش وەکوو شوێنی دڵخوازی دەبینرێت.
ئاس ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەو نەخێرەی کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە زاری بەرپرسانی مەدریدەوە دەبیسترا، ئێستا گۆڕاوە بۆ لێدوانێکی نەرمتر؛ “بازاڕی گواستنەوە تاوەکوو مانگی ئەیلوول کراوەیە و زۆر شت دەکرێت رووبدات، بەڵام ئێستا هیچ شتێک رووینەداوە.”

قەرەباڵغی هێڵی ناوەڕاست و تێڕوانینی مۆرینیۆ
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ریال مەدرید پێویستی بەوەیە دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت پێش ئەوەی شوێن بۆ گرێبەستی نوێ بکاتەوە، بەتایبەتی لە هێڵی ناوەڕاستدا.
هاتنی بێرناردۆ سیلڤا قەرەباڵغی ئەو هێڵەی زیاتر کردووە بێ ئەوەی کەس رۆیشتبێت، جگە لە رۆیشتنی یەکجاریی دانی سێبایۆس و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئۆرێلیەن چوامێنی، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ناوەڕاستدا نەکراوە.
مۆرینیۆ بەڕوونی رایگەیاندووە کە دەیەوێت تیمەکەی بەخێرایی و شێوازی راستەوخۆ یاری بکات، هەرچەندە زۆر لە پێکهاتەی ئێستای رازییە، بەڵام هەوڵ بۆ بەهێزکردن و گۆڕانکاریی زیاتر تاوەکوو دەگاتە پێکهاتە نموونەییەکەی خۆی دەدات.

کێ مێرێنگی مەدرید جێدەهێڵێت؟ چارەنووسی ڤینیسیۆس
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاتنی دیۆماندێ، سەرنجەکان دەچنە سەر ڤینیسیۆس جونیۆر و ئەو بڕیارانەی لەسەر داهاتووی دەدرێن؛ چاوەڕێ دەکرێت ئەستێرە بەرازیلییەکە لە چەند رۆژی داهاتوو بگەڕێتەوە مەدرید و بەرپرسانی ڤاڵدێبێباس پەلەیانە لەوەی بەخێرایی بڕیاری کۆتایی لەسەر مانەوە یان رۆیشتنی بدەن، یانەکە نایەوێت دۆخەکە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە لە کاتێکدا گرێبەستەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت.
لە لایەکی دیکەوە، داهاتووی یاریزانانی وەک راوول ئاسێنسیۆ، گۆنزالۆ گارسیا، فرانکۆ ماستانتۆنۆ، براهیم دیاز و ئێدواردۆ کاماڤینگا هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
براهیم و کاماڤینگا دەیانەوێت لە مەدرید بمێننەوە، بەڵام ئاسێنسیۆ دەیەوێت دۆخەکەی بگۆڕێت، هەرچەندە ئەرکێکی قورسی لەپێشە و خۆرخێ مێندێش، بەڕێوەبەری کارەکانی بەدوای یانەیەکی نوێدا بۆی دەگەڕێت، هەروەها هەریەک لە گۆنزالۆ و ماستانتۆنۆ دەزانن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەیەکجاری و بە خواستن یانەکە جێدەهێڵن.



