
یاریگا –
بلاوگرانا خەمباریی خۆی بۆ لەدەستدانی تراژیدییانەی کارمەندەکە دەربڕی و خوان لاپۆرتای سەرۆک ئامادەییی خۆی بۆ هاوکاریی بنەماڵەکەی نیشانداوە.
لە رۆژی هەینیی رابردوو، هەواڵی تراژیدییانەی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی 54 ساڵان لە کاتی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سپۆتیفای کامپ نۆو دوای تووشبوونی بە رووداوێکی کار پشتڕاست کرایەوە. پۆلیسی مۆسۆس دێسکادرا لە دەوروبەری کاتژمێر 3:30ـی پاشنیوەڕۆ ئاگادارکردنەوەکەی پێ گەیشت و بە خێرایی چوونە یاریگای بارسێلۆنا تاوەکوو هاوکاریی بکەن، بەڵام نەیانتوانی ژیانی رزگار بکەن.
دوای ئەوەی رووداوە وێرانکەرەکە روویدا، یانەی بارسێلۆنا لە رۆژی شەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا خەمباریی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی کارمەندەکە دەربڕی و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەکەی و کەسوکاری کرد. لە لایەنی خۆشییەوە، خوان لاپۆرتای سەرۆک ئامادەییی خۆی بۆ بنەماڵەکەی نیشاندا تاوەکوو بە هەر شێوازێک کە بتوانێت لەم کاتە زۆر سەختەدا هاوکارییان بکات.
بەیاننامەی فەرمیی بارسێلۆنا
یانەی بارسێلۆنا بە قووڵی داخاباریی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو کارمەندە دەردەبڕێت کە دوێنێ لە رووداوێکی کاردا لە کاتی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سپۆتیفای کامپ نۆو ژیانی لەدەستدا. یانەکە دەیەوێت سەرەخۆشییەکانی دەرببڕێت و تەواوی هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ بنەماڵەکەی، هاوڕێیانی و هاوکارانی بنێرێت. خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت بە شێوەیەکی کەسی سەرەخۆشییەکانی بگەیەنێتە بنەماڵەکەی و لە تەواوی دامەزراوەکەوە ئامادەییی خۆی بۆ هاوکاریکردنیان نیشان دەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، کارمەندەکە لەسەر سەکۆیەکی بەرزکراوە سەرقاڵی کاری بۆیاخکاری بووە لەپاڵ هاوکارێکی دیکەیدا و هەڵەیەکی کوشندە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.



