سزای قورس چاوەڕێی ئەرجەنتین دەکات؛ دەرەنجامی شەڕ و ئاژاوەکانی یاریی کۆتایی
شرۆڤەکاران بەتوندی رەخنە لە ئەرجەنتین دەگرن

یاریگا –
دوای ئەو دیمەنە پڕ لە توندتیژ و ناشیرنانەی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی ئەگەریی سزایەکی قورس دەبێتەوە.
دوای ئەوەی ئیسپانیا بە گۆڵێکێکی بێوەڵام یارییەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ هێنا، یاریگا بووە گۆڕەپانی ملاملانێ و تووڕەیی زۆری یاریزانانی ئەرجەنتین کە بەهۆیەوە دوو کارتی سووریان بەڕوودا بەرزکرایەوە.
وردەکاریی کارتە سوورەکان و قەبارەی سزاکە
لەکاتی ئاسایی یارییەکەدا، ئێنزۆ فێرناندێز بەهۆی وەرگرتنی دووەم کارتی زەردەوە کرایە دەرەوە، بەڵام دۆخەکە پاش فیکەی کۆتایی ناوبژیوان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، کاتێک لیاندرۆ پارێدێس کارتی سووری راستەوخۆی پێدرا. هۆکاری ئەمەش پەلاماردانی ئێرێک گارسیا و خستنی بۆ سەر زەوی، هەروەها گرتنی قوڕگی بەرگریکارەکەی ئیسپانیا بوو، پێش ئەوەی پاڵ بە گاڤیشەوە بنێت بۆ سەر زەوی.
رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئێنزۆ تەنیا سزای راگرتنی بۆ یەک یاری بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام بۆ پارێدێس، بەهۆی سرووشتی توندوتیژییەکەیەوە لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، ئەگەری سەپاندنی سزایەکی درێژخایەنتر زۆرە.
بەپێی یاساکانی لیژنەی تەمبێکردنی فیفا، هەر سزایەکی راگرتن کە نەتوانرێت لە کاتی مۆندیالدا تەواو بکرێت، دەگوازرێتەوە بۆ یەکەمین یاریی فەرمیی داهاتووی هەڵبژاردەکە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەرجەنتین لە یارییە فەرمییەکانی داهاتوویدا بێبەش دەبێت لەو دوو یاریزانە.
Argentina facing double punishment after ‘disgusting’ scenes in World Cup final defeathttps://t.co/mmOqpirhYZ pic.twitter.com/0pBNQYR7on
— Mirror Football (@MirrorFootball) July 20, 2026
کاردانەوە و رەخنەی توندی ئەستێرەکانی پێشوو
ئەم رەفتارانەی یاریزانانی ئەرجەنتین رەخنەی توندی لەلایەن شرۆڤەکاران و ئەستێرەکانی پێشووی تۆپی پێوە لێکەوتەوە:
ئالان شیرەر لە کەناڵی BBC؛ پارێدێس دوو بۆ سێ مستی وەشاندە رووخساری یاریزانەکانی دیکە، هیچ جێگەیەک بۆ ئەم جۆرە رەفتارانە لە تۆپی پێدا نییە. ئێمە دەزانین دۆڕان چەندە ئازاربەخشە، بەڵام دۆڕانیش شێوازی خۆی هەیە و زۆرجار ئەمە لە ئەرجەنتین دەبینین. کاردانەوەکەیان دوای فیکەی کۆتایی زۆر خراپ بوو.
گاری نێڤڵ لە کەناڵی ITV؛ ئەوە ئابڕووچوونە، من حەزم بە گیانی رکابەریی ئەرجەنتینییەکانە کە تاوەکوو کۆتایی شەڕ دەکەن و مێسی پاڵپشتیانە، بەڵام رەفتارەکانیان لەم چەند یارییەی کۆتاییدا ئابڕووچوونێکی گەورە بوو.
جۆو هارت، گۆڵپارێزی پێشووی مانچێستەر سیتی؛ لەنێو یاریگادا تەنیا یەک پیاو هەبوو کە خاوەنی رەوشت و ئاستێکی بەرز بێت، ئەویش لیۆنێل مێسی بوو کە تەوقەی لەگەڵ هەموو یاریزانە ئیسپانییەکان کرد، یارییەکە کۆتایی هاتووە و ئەرجەنتینییەکان هیچ پاساوێکیان نییە؛ رەفتارەکەیان قێزەون بوو.



