گۆڵە رەتکراوەکەی نیکۆ ویلیامس؛ هۆکاری رەتکردنەوەی گۆڵەکە چی بوو؟
نواندنەکەی ئۆتامێندی و بڕیارە مشتومڕاوییەکە

یاریگا –
نیوەی یەکەمی کاتی زیادکراوی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 بە بڕیارێکی گەورە و مشتومڕاوی دەستیپێکرد، کاتێک گۆڵێکی ئیسپانیا لەلایەن نیکۆ ویلیامزەوە کرا، بەڵام بەهۆی فاوڵێکی گوماناوی لە ناوچەی سزای ئەرجەنتین رەتکرایەوە و بووە هۆی دروستبوونی تووڕەییەکی زۆر لای یاریزانانی ئیسپانیا.
رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکدا هۆکاری رەتکردنەوەی گۆڵەکەی خستووەتەڕوو.

چۆنیەتی دروستبوونی هێرشەکە
کاتێک تۆپەکە ئاراستەی ناوچەی سزای ئەرجەنتین کرا، نیکۆلاس ئۆتامێندی لەژێر پەستانی میکێل مێرینۆدا بە شێوەیەکی شانۆیی و خۆنواندناوییەوە خۆی خستە سەر زەوی، دواتر مێرینۆ خلیسکایە سەر مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتین و تۆپەکە کەوتە بەردەم نیکۆ ویلیامس، ئەویش بەبێ کێشە تۆپەکەی خستە نێو تۆڕەکەوە. بەڵام دڵخۆشیی ئیسپانییەکان زۆری نەخایاند.
هۆکاری ڕەتکردنەوەی گۆڵەکە
سلاڤکۆ ڤینچیچ، ناوبژیوانی یارییەکە، بڕیاریدا کە مێرینۆ فاوڵی لە ئۆتامێندی گرتووە، هەرچەندە بەرکەوتنەکە زۆر کەم بوو و بەرگریکارە ئەرجەنتینییەکە بە ئاسانی خۆی خستبووە سەر زەوی. لە دووبارەبوونەوەی ڤیدیۆکەدا دەرکەوت کە مێرینۆ تەنیا کەمێک بەری کەوتووە، بەڵام پێدەچێت ناوبژیوان بڕیاری دابێت کە یاریزانەکەی ئارسیناڵ قاچی خستووەتە سەر پێی ئۆتامێندی لە کاتی ململانێکردن لەسەر تۆپەکە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش گۆڵەکە بە فەرمی رەتکرایەوە.
کاردانەوەی یاریزانانی ئیسپانیا
ئەم بڕیارە بێهیوایی و تووڕەییەکی زۆری لای یاریزانانی ئیسپانیا دروستکرد؛ ئەوان پێیان وابوو کە بەرکەوتنەکە هێندە بەهێز نەبوو کە ببێتە هۆی وەستاندنی یارییەکە و رەتکردنەوەی گۆڵێک، کە دەیتوانی ببێتە خاڵێکی یەکلاییکەرەوە و چارەنووسساز لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا، هەروەها بڕوایان وابوو ئۆتامێندی سوودی لەو بەرکەوتنە بچووکە وەرگرتووە و نواندنی کردووە بۆ ئەوەی قەبارەی رووداوەکە لە چاوی ناوبژیواندا گەورەتر پێشان بدات.



