گرنگترینمۆندیالی 2026

تووڕەیی فیفا لە لێدوانی راهێنەر و یاریزانان؛ راگەیاندنی سزاکان بۆ دوای مۆندیال هەڵگیراون

لێدوانە ئاگرینەکان فیفایان تووڕە کردووە و سزای قورس بەڕێوەیە

Yariga App

یاریگا –

بڕیارە فیفا تاوەکوو کۆتاییهاتنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 چاوەڕێ بکات، پێش ئەوەی سزای ئەو یاریزان و راهێنەرانە بدات کە بە لێدوانەکانیان ناوبانگی یارییەکەیان لەکەدار کردووە.

لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەوە تاوەکوو ئێستا، ناوبژیوانان رووبەڕووی رەخنەی توند و هێرشی گەورە بوونەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئینگلتەرا، حوسام حەسەن، راهێنەری میسر و مانوێل ئاکانجی بەرگریکاری سویسراوە.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، فیفا رەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر رێکارە تەمبێکارییەکان بدات، بەڵام پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دوای پاڵەوانێتییەکە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی ناوبژیوانان و هۆکارەکانی دیکە، هەنگاوی جیددی دەنرێت؛ ئەمەش هەمان ئەو ستراتیژییەیە کە فیفا لە مۆندیالی قەتەر پەیڕەوی کرد، کاتێک سزاکانی بۆ دوای مۆندیال دواخست.

تۆخێل و رەخنەکانی لە فەغانی
دوای بردنەوەی ئینگلتەرا لە مەکسیک لە قۆناخی 16 و دەرکردنی جارێل کوانسا بە کارتی سوور، تۆخێل بەتوندی هێرشی کردە سەر عەلیڕەزا فەغانی، ناوبژیوانی ئوسترالی، بە رەچەڵەک ئێرانی و گوتی؛

ئاستی ناوبژیوانییەکە زۆر خراپ بوو، ئەو دەتوانێت هەر تیپێک لە هەر کاتێکدا بکاتە دەرەوە و بڕیارەکانی ناجێگیرن و لە یارییەکاندا جێگەی متمانە نییە. ئێستا دوو ناوبژیوانی چوارەممان هەیە کە ئەگەر تەنیا یەک هەنگاو لە ناوچەی راهێنەر دەربچیت، هاوارت بەسەردا دەکەن.

میسڕییەکان ئەرجەنتین و فیفا تۆمەتبار دەکەن
توندترین رەخنەکان دوای دۆڕانەکەی میسڕ بەرامبەر ئەرجەنتین لە قۆناخی 16 سەریان هەڵدا، کە تێیدا فرانسیۆس لێتێکسەر فەرەنسی ناوبژیوانی یارییەکە بوو. حوسام حەسەن، راهێنەری میسر دوای یارییەکە گوتی؛

ئێمە لە هەموو شتێکدا باشترین بووین، بەڵام هۆکارگەلێک هەبوون کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکە دروست کرد، روونە کە ئەرجەنتینییەکان پێش یارییەکە فشاریان خستبووە سەر ناوبژیوانەکە لە رێگەی باسکردنی فەرەنسا و هەڵبژاردەی فەرەنساوە، ئەمەش هۆکاری ئەم ئەنجامە بوو.

مستەفا زیکۆ، هێرشبەری میسڕ لەوەش زیاتر گوتی و رایگەیاند؛

ناوبژیوان بە بڕیارەکانی هەموو ماندووبوونەکانی ئێمەی بەفیڕۆدا، ئێمە 2-0 لە پێش بووین، بەڵام هیچمان پێ ناکرێت، ئێمە دەمانویست دڵتەنگییەکانتان بڕەوێنینەوە، بەڵام رێگەیان نەدا و جامەکە بۆ ئەرجەنتین ئامادەکراوە.

ئاکانجی: هەموو شتێک لە بەرژەوەندی ئەرجەنتین بوو
دوای دۆڕانی سویسرا بەرامبەر ئەرجەنتین لە قۆناخی چارەکی کۆتایی، مانوێل ئاکانجی هێرشی توندی کردە سەر جواو پینێرۆی ناوبژیوانی پۆرتوگالی و گوتی؛

کاتێک ناوبژیوان لە دژت دەوەستێتەوە، کارەکە زۆر قورس دەبێت. هەر شتێکی بچووک لە دژی ئێمە هەژمار دەکرا. هیچ فاوڵ و خۆخستنە خوارەوەیەکی ئەرجەنتینییەکان سزانەدرا، من بەگشتی قسە لەسەر ناوبژیوان ناکەم، بەڵام هەرگیز لە ژیانمدا یارییەکی هێندە یەکلایەنەی وەکوو ئەمڕۆم نەبینیوە.

کۆلینا دێتە دەنگ
لە خولە ناوخۆییەکانی وەکوو پرێمەرلیگ، لێدوانی لەم شێوەیە راستەوخۆ سزای دارایی و راگرتنی بەدوادا دێت، بەڵام فیفا بێدەنگی هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، کۆلینا، بەرپرسی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا، بەتوندی وەڵامی ئەو گومانانەی دایەوە کە دەڵێن ناوبژیوانان لایەنگری ئەرجەنتین دەکەن.

کۆلینا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛

کەس ناتوانێت گومان لە دەستپاکیی ناوبژیوانانی مۆندیال بکات، کاتێک رەخنەی لەم شێوەیە دەگیرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ناوبژیوانان و خێزانەکانیان، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button