تەواو؛ سەندەرلاند گرێبەستی یاریزانێکی بەئەزموون کۆتایی پێدەهێنێت
بۆ ماوەی دوو ساڵ بەخۆڕایی دەیگوازێتەوە

یاریگا –
تیمی سەندەرلاند ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستی تۆماس مونیێی یاریزانی ئازاد دوای رۆیشتنی لە یانەی لیل.
بڕیارە ئەم بەرگریکارە تەمەن 34 ساڵە بە گرێبەستێکی دوو ساڵە پەیوەندی بە یانەکەوە بکات. ئەو بەیانی رۆژی سێشەممە گەیشتە نیوکاسڵ بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا گرێبەستەکە واژۆ بکات. مونیێ بەشێک بوو لە تیمی بەلجیکا لە مۆندیالی ئەم هاوینەدا و سێ جار لە پاڵەوانییەتییەکەدا یاریی کرد پێش ئەوەی لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا بەرامبەر ئیسپانیا بکرێنە دەرەوە.
ئەم بەرگریی باڵی راستە لە ساڵی 2013ـەوە و دوای یەکەم یاریی فەرمیی خۆی، 83 جار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یاریی کردووە و بەشێک بوو لەو تیمە نیشتمانییەی بەلجیکا کە لە ساڵی 2018 گەیشتە نیوەی کۆتایی مۆندیال. مۆنیێ لەم هاوینەدا دوای دوو ساڵ مانەوە لە یانەکەدا، لیلی جێهێشت، کە لەو ماوەیەدا 81 یاریی ئەنجامدا، چوار گۆڵی کرد و چوار ئەسیستی هەبوو. ئەو وەرزی رابردوو 35 جار لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا یاریی کرد.

مونیێ لە ترابزۆنسپۆرەوە پەیوەندی بە یانەکەی لیگ 1ـی فەڕەنسا کرد، دوای ئەوەی پێشتر چوار ساڵ لە بۆڕووسیا دۆرتموند و چوار ساڵ لە پاریس سانجێرمان بەسەربردبوو. ئەو لەگەڵ یانەی دووەمدا سێ نازناوی لیگ 1ـی بەدەستهێنا.
سەندەرلاند وەرزی رابردوو پلەی حەوتەمی لە پرێمەرلیگ بەدەستهێنا بۆ ئەوەی بگاتە ئەورووپا، ئەمەش دوای سەرکەوتنی لە چامپیۆنشیپ لە وەرزی پێشتردا.



