گرنگترینمۆندیالی 2026

مەترسی لافاو و کەشوهەوا هەیە؛ فیفا بیر لە پێشخستنی کاتی یارییەکەی ئینگلتەرا و مەکسیک دەکاتەوە

فیفا بە بێ ئاگاداری ئەوان کاتی یارییەکەیان پێشدەخات

Yariga App

یاریگا –

فیفا بیر لەوە دەکاتەوە کاتی یارییەکەی نێوان ئینگلتەرا و مەکسیک لە قۆناخی 16ـی مۆندیال پێشبخات، کە بڕیارە لە یاریگای  ئەزتێکا بەڕێوەبچێت.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی مەترسی هەورەبرووسکە و خراپی کەشوهەواوە فیفا دەیەوێت یارییەکەی مەکسیک و ئینگڵتەرا بۆ چەند کاتژمێرێک پێشبخات.

 بڕیارە یارییەکە رۆژی دووشەممە کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی تێکچوونی کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی لافاوەوە، فیفا دەیەوێت یارییەکە چەند کاتژمێرێک زووتر بکرێت.

کەشوهەوا پێشتر کاریگەریی لەسەر یارییەکی دیکەی ئەم مۆندیالە لە مەکسیکۆ سیتی هەبووە؛ یارییەکەی مەکسیک و ئیکوادۆر لە قۆناخی 32بەهۆی هەورەبروسکە و رەشەباوە کاتژمێرێک دواخرا.

 بەگوێرەی یاساکانی مۆندیالی 2026، فیفا مافی تەواوی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە، دواخستن، یان گۆڕینی کاتی یارییەکان بەهۆی هەلومەرجی لەناکاو یان پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشەوە.

ئەگەر یارییەکەی مەکسیک و ئینگلتەرا پێشبخرێت بۆ کاتژمێر 9:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، ئەوا لە رووی کاتەوە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ یارییەکەی دیکەی قۆناغی 16 لە نێوان بەرازیل و نەرویج، کە بڕیارە لە یاریگای مێتڵایف کاتژمێر 11:00 دەستپێبکات.

ئاتلێتیک، پەیوەندی بە سەرجەم یەکێتییە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە بۆ وەرگرتنی لێدوان؛ یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا لە کاتی راهێنانەکاندا و لە رێگەی رۆژنامەنووسانەوە بەم پێشهاتەیان زانیوە، پاش ئەوەی هەواڵەکە بۆ یەکەمجار لە میدیاکانی مەکسیکدا بڵاوبووەوە.

گۆڕینی کاتەکە کێشە بۆ هاندەرانی ئینگلتەراش دروست دەکات، چونکە پێشتر حکومەتی بەریتانیا مۆڵەتی دابوو بە باڕ و کافتریاکان کە لەجیاتی کاتژمێر 11ـی شەو، تا 5ـی بەیانی کراوە بن بۆ پەخشی یارییەکە.

لەلایەکی دیکەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەربەستی ئەمنی توند لە دەوروبەری هۆتێلی مانەوەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مەکسیک دابنرێت. ئەمەش بۆ رێگریکردنە لەو ژاوەژاوەی هاندەرانی مەکسیک پێش یارییەکان دروستی دەکەن، دوای ئەوەی لە قۆناخی پێشوودا بە تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان و لێدانی هۆڕنی ئۆتۆمبێل تاوەکوو بەرەبەیان، خەویان لە یاریزانەکانی ئیکوادۆر زڕاند.

بابەتی زیاتر

Back to top button