یاریزانێک کێشەیەکی یاسایی لە نێوان دهۆک و زەورا دروست دەکات

یاریگا-
دوای ئەوەی یانەی دهۆک رۆژی سێشەممە هەواڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی بەرگریکار یوسف ئیمام راگەیاند.
شەوی چوارشەممە لەسەر پێنچشەممە یاریزانێکی پێشووی یانەی زەورا و راوێژکاری هونەری لەم یانەیە زانیارییەکی ئاشکرا کرد، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی لە نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زەورا.
مەحمود ئەبو سعدیە ئەستێرەی پێشووی یانەی زەورا و راوێژکاری هونەری یانەکە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لە کەناڵی جنوب رایگەیاند: یوسف ئیمام کێشەیەکی یاسایی دەبێت، چونکە دوو واژووی کردووە واژووی گرێبەست لەگەڵ یانەی زەورا و واژووی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی دهۆک، متمانەیەکی زۆرم هەیە ئەم یاریزانە بەپێی یاسا دەبێتە یاریزانی یانەی زەورا و وەرزی داهاتوو بەدرێسی زەورا یاری دەکات.
یاریزان یوسف ئیمام گرێبەستی وەرزێکی لەگەڵ یانەی دهۆک مابوو، بەڵام یانەی زەورا هەموو هەوڵێکی دا بۆ وەرگرتنەوەی مافی دەستبەرداربوونی یاریزانەکە.
ئەمە دەبێتە دووەم کەیسی هەمان شێوە، کە یانەی زەورا تووشی گرفتی یاسایی دەبێت، کاتێک واژووکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزان حوسێن زیاد رایگەیاند هەرچەندە ئەم یاریزانە گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەورۆز واژووکردبوو.



