مێرکاتۆی بارسێلۆنا؛ بە دوای چ پێگەیەک دەگەڕێن، بەربژێرەکان کێن و کام یاریزانانە دەڕۆن؟
دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بارسێلۆنا

یاریگا – ئاتلێتیک
بارسێلۆنا گۆڵپارێزی یەدەک، ئیناکی پێنیای بە بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ بە یانەی پاناتینیکۆسی یۆنانی فرۆشت. ئەم گۆڵپارێزە 27 ساڵانەیە کە پێگەیەنراوی ئەکادیمیای یانەکەیە، وەرزی رابردوو بە خواستن لە یانەی ئێلچی بەڕێ کرد.
گرنگیدان بە خۆرخێ سالیناسی بەرگریکاری راسینگ سانتاندێر، کە تەمەنی 19 ساڵە، کەم بووەتەوە. بارسا پێی وابوو دەکرێت گرێبەستەکە بە هەشت ملیۆن یۆرۆ کۆتایی بێت، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە راسینگ دەڵێن مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دوای سەرکەوتنیان بۆ لالیگا بۆ 16 ملیۆن یۆرۆ بەرز بووەتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت بارسا لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەندریاس کریستینسن بە فەرمی رابگەیەنێت. ئەم یاریزانە 30 ساڵانە نێودەوڵەتییەی دانیمارک گرێبەستێکی دوو ساڵە واژۆ دەکات، ئەگەرچی هەم یاریزانەکە و هەم یانەکە دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکەیاندا بکەنەوە و بڕیار بدەن ئایا دەیانەوێت بۆ ساڵێکی دیکەش بەردەوام بن یان نا.

داستانی خولیان ئالڤارێز
بارسێلۆنا ئەوەی بەدەست هێنا کە دەیویست کاتێک خولیان ئالڤارێز بە ئاشکرا باسی لە ئارەزووی خۆی کرد بۆ جێهێشتنی ئاتلێتیکۆ و “هێنانەدی خەونەکەی”. هەنگاوی داهاتووی بارسا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ دوای مۆندیال دەبێت. هەموو نیشانەکان بەرەو ئەوەن کە ئۆفەرێکی نوێ پێشکەشی ئاتلێتیکۆ بکرێت.
سەرچاوەکانی یانەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆفەرەکەیان دەکرێت بگاتە دەوری 130 ملیۆن یۆرۆ و جەختیش دەکەنەوە کە دەتوانن دابینی بکەن. ئەوان دانیان بەوەدا ناوە کە دۆخەکە لەگەڵ ئاتلێتیکۆ لە چەند هەفتەی رابردوودا گرژ بووە، بەڵام هیوادارن لە داهاتوویەکی نزیکدا بچنە نێو گفتوگۆکانەوە.
بەدوای چ پێگە و یاریزانانێکدا دەگەڕێن؟
هێشتا هێنانی هێرشبەرێکی نووک لەپێشینەی کارەکانە.
وەکوو بەشێک لە گەڕانەکانیان بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری، بارسا لەم دواییانەدا پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی هاری کەینەوە کردووە. چەندین سەرچاوە ئەمەیان وەکوو نزیکبوونەوەیەکی نافەرمی وەسف کردووە. بە بارسا گوتراوە کە کاپتنەکەی ئینگلتەرا ئارەزووی جێهێشتنی بایرن میونشن ناکات. چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئەو یانەیەی بۆندسلیگا واژۆ بکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بۆ یەکەمجار لە مانگی ئادار باسی لە گرنگیدانی بارسا بە کەین کردبوو. وەکوو چۆن لەو کاتەشدا وابوو، ئالڤارێز هێشتا ئامانجی سەرەکییانە. بەڵام سەرچاوەکانی یانەکە دانیان بەوەدا ناوە کە ئەگەر لەگەڵ ئاتلێتیکۆ نەگەنە رێککەوتن، دەبێت سەیری بژاردەی دیکە بکەن و ئاماژەیان بەوەش کردووە کە “بژاردەی زۆر نییە”.

بارسا حەزیش دەکات هێڵی بەرگری بەهێز بکات، بەڵام هەر هەنگاوێک لەم بەشەدا پێویستی بە فرۆشتنی یاریزانان دەبێت. ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە نەچوونە رکابەریی گواستنەوەی مارک کوکورێیا. ئەوان بژاردەکەیان بە دڵ بوو، بەڵام دەبوو پێش بیرکردنەوە لە هەر رێککەوتنێک، ئەلێخاندرۆ بالدێ بەڕێ بکەن.
دەکرێت کام لە یاریزانەکان بڕۆن؟
ئانسو فاتی دەبێت یانەکە جێبهێڵێت. هێشتا چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە ئەم یاریزانە 23 ساڵانە پەیوەندی بە مۆناکۆوە بکات، بەڵام بژاردەی کڕینەوەی 11 ملیۆن یۆرۆیی لە گرێبەستی خواستنی وەرزی رابردووی لەگەڵ ئەو یانەیەی لیگ 1 لە 30ـی حوزەیراندا بەسەر دەچێت. سەرچاوەکانی بارسێلۆنا دەڵێن گرێبەستەکە لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە. فرۆشتنی فاتی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەیەکی بەرچاو لە لیستی مووچەکانیشدا.
دواتر مارک کاسادۆ دێت. بارسا ئامادەیە بۆ فرۆشتنی و بەڕێوەبەری کارەکانی، خۆرخێ مێندێش، کاری لەسەر دەکات. کاسادۆ لە وەرزی رابردوو رۆڵێکی سنوورداری هەبوو و ئەوەی قبووڵ کردووە کە رۆشتنی لە یانەی منداڵی باشترین چارەسەرە بۆ هەموو لایەک. سەرچاوەکانی نزیک لە یاریزانەکە دەڵێن یەکێک لەو بژاردانەی لەبەردەستیدایە لە سعوودیەوەیە. بارسا بۆ دەستبەرداربوون لەم یاریزانە 22 ساڵانەی هێڵی ناوەڕاست داوای دەوروبەری 25 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

ناوێکی دیکە کە شایەنی باسی بێت، مارک ئاندرێ تێر شتێگنە. جارێکی دیکە بارسا سوورە لەسەر بەڕێکردنی ئەم یاریزانە 34 ساڵانەیە، کە لە ریزبەندی گرنگیدانی فلیکدا هاتووەتە خوارەوە و چاوەڕوان ناکرێت بۆ وەرزی داهاتوو رکابەریی خوان گارسیا بکات بۆ گرتنی پێگەی گۆڵپارێزی سەرەکی.
تێر شتێگن لە کانوونی دووەمدا بە خواستن پەیوەندی بە جیرۆناوە کرد، لە کاتێکدا بارسا هێشتا زۆربەی هەرە زۆری مووچەکەی دەدا، کە لە بەرزترین مووچەکانی نێو تەواوی پێکهاتەکەیە. گرێبەستەکەی تێر شتێگن پاشەکەوتکردنی مووچەی تێدایە کە خۆی و یانەکە لە دوایین درێژکردنەوەی گرێبەستەکەیدا لە ساڵی 2023 لەسەری رێککەوتبوون.
یانەی ئەیاکس گرنگی بەو دەدات. یانە هۆڵەندییەکە میشێلی راهێنەری پێشووی جیرۆنای وەکوو راهێنەری نوێی خۆی دەستنیشان کردووە و ئەویش گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکەی کردووە بە لەپێشینەی پرۆژەکەی. ئەگەری هەرە زۆر ئەوەیە کە بارسا هەمان هاوکێشە دووبارە بکاتەوە، ئەویش بە خواستن دانی تێر شتێگنە لە کاتێکدا بەشێک لە مووچەکەی خۆی دەیدات.



