مۆندیالی 2026 ریکۆردی زۆرترین هاندەر دەشکێنێت

یاریگا –
سەرەڕای گازندەی زۆر لە گرانی بلیتەکانی مۆندیالی 2026، کەچی وەشانی ئەم جارە ریکۆردی مێژوویی بۆ زۆرترین هاندەر دەشکێنێت.
پاڵەوانێتیەکە کە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، هەر لە سەرەتاوە جگە لە گرانی بلیتەکانی، بەهۆی رێکارە توندەکانی ڤیزاوە بەتایبەت لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و کەنەدا، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە. بەجۆرێک جگە لە هاندەری ئاسایی، چەندین شاندی هەڵبژاردەی وڵاتان، یاریزانان و تەنانەت ناوبژیوانیش رووبەڕووی ئاستەنگەکانی چوونەژووەرەوە بوونەوە بۆ نێو خاکی ئەو دوو وڵاتە.
مۆندیالی ئەم ساڵ یەکەمین جارە بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت. ئەوەش فرەییەکی دابووە رەنگی مۆندیالەکە. بەوەش کۆتایی هات بە سیستمی 32 تیمی کە لەوەتەی مۆندیالی 1998ی فەڕەنسا درێژەی هەبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لیکیپ، قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026 ریکۆردی زۆرترین هاندەری ئامادەبووی نێو یاریگای شکاند لە سەرجەم ئەو 72 یارییەی لە قۆناخەکەدا بەڕێوەچوو.
رۆژنامەکە نووسیویەتی لە سەرجەم یارییەکاندا، 4.64 ملیۆن (چوار ملیۆن و 640 هەزار هاندەر) ئامادەبوونە. بەوەش ژمارە پێوانەییەکەی مۆندیالی 1994ی ئەمریکای شکاند کە تێکڕا 3.59 ملیۆن (سێ ملیۆن و 590 ملیۆن هاندەر) بوو، بەڵام ئەوکات تەنها 24 هەڵبژاردە بەشداربوون.
سەرچاوە فەڕەنسیەکە لە درێژەی زانیارییەکانیدا بە ژمارە خستوویەتیەڕوو، کە بە تێکڕا 64,508 هاندەر لە هەر یارییەکدا ئامادەبوونە.
یاریی نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور کە کردنەوەی مۆندیالەکە بوو، زۆرترین هاندەری بەخۆوە بینی کە ژمارەکە خۆی دا لە 8,824 کەس.



