زۆر بێزارم دەکات؛ سەرەڕای شکانی پەنجەی مارتینێز بە سەرەکی یاری دەکات
"هێشتا راهێنانی بەکۆمەڵم نەکردووە"

یاریگا –
ئێمیلیانۆ “دیبو” مارتینێز روونکردنەوەی لەسەر ئەو سەختییانە دا کە ناچار بوو بەسەریاندا زاڵ بێت بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوای ئەوەی پەنجەی برای توتەی شکا.
ئێمیلیانۆ مارتینێز بە راشکاوانە باسی لە تەواوی ئەو شتانە کرد کە پێش مۆندیال بەسەریدا هاتوون. گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە لە کاتی خۆگەرمکردنەوە بۆ یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، کەمتر لە مانگێک پێش دەستپێکردنی مۆندیال، تووشی شکان لە پەنجەی برای توتەی دەستی راستی بوو.
گۆڵپارێزەکەی ئاستۆن ڤێلا، کە لە هەر سێ یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە شێوەی سەرەکی یاریی کردووە، دوای سەرکەوتنەکەی ئەرجەنتین لە بەرامبەر ئوردن قسەی کرد و گوتی:
بڕیارمدا نەشتەرگەری نەکەم و راشکاو بم کاتێکی زۆر سەختم بەڕێکرد. من بە گرتنەبەری سەرکێشییەکی گەورە هاتمە ئێرە و نەمدەتوانی مەشق بکەم. لە راستییدا، هێشتا راهێنانی بەکۆمەڵم نەکردووە. هەمیشە لەگەڵ مارتین مەشق دەکەم و هێشتا ناتوانم لەگەڵ تەواوی تیمەکەدا مەشق بکەم.
سەرەڕای گومانەکان پێش یاریی دەستپێکی ئەرجەنتین لە مۆندیال، گۆڵپارێزەکە توانی لە بەرامبەر جەزائیر بە شێوەی سەرەکی یاریی بکات و لەو کاتەوە وەکوو بژاردەی یەکەم ماوەتەوە. هاوکات زانیاریی نوێی سەبارەت بە یاریی داهاتووی ئەرجەنتین لە قۆناخی 32 بەرامبەر کیپ ڤێردی دا و گوتی:
پێم وایە بۆ یاریی داهاتوو دەتوانم بەبێ جێگیرکەری پەنجە یاریی بکەم، کە زۆر نائاسوودەم دەکات. دەستکێشەکە زۆر شل دەبێت. ئەمە شتێکە کە من و مارتین دەبوو بە تەنیا خۆمان مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. گێرۆ (روولی) و خوان (موسۆ) یارمەتیدەرێکی گەورە بوون، کە هەموو هەفتەیەک بە تۆپی بالە مەشقیان دەکرد. راشکاو بم زۆر بێزارم دەکات، بەڵام کاتێک لە یاریگام هەوڵ دەدەم بیری لێ نەکەمەوە.

سەبارەت بە ئەگەری نەشتەرگەری کردن دوای پێکانەکە، مارتینێز زیاتر دوا و گوتی:
کاتێک پێیان گوتم پێویستم بە نەشتەرگەرییە، ملیۆنان بیرکردنەوە بە مێشکمدا هات. بەڵام راهێنەر هەمیشە پاڵپشتی دەکردم. ئەو پێی گوتم هەر کاتێک ئامادە بووم بۆ یاریکردن، پشتگیریم دەکات. ئەمە پاڵنەرێکی گەورەی پێبەخشیم.
یاریی داهاتووی ئەرجەنتین لە بەرامبەر کەیپ ڤێرد دەبێت لە قۆناخی 32ـی مۆندیالدا. چاوەڕوان دەکرێت دیبو وەکوو گۆڵپارێزی سەرەکیی ئەرجەنتین بمێنێتەوە. لەپاڵ لیۆنێل مێسیدا، ئەو وەکوو یەکێک لەو یاریزانە جێگیرانە لە 11 یاریزانی سەرەکیی لیۆنێل سکالۆنیدا دادەنرێت.



