عێراق تیمێکی بچووک نییە؛ دیشام هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەکوو پاڵنەر بۆ یاریزانەکان بەکاردەهێنێت
لەگەڵ ئیسپانیا یەکسانبوون

یاریگا –
فەرەنسا دەستپێکێکی سەرنجڕاکێشی لە مۆندیالدا بە تۆمارکردنی سەرکەوتن بەسەر سێنیگالدا بەدەستهێنا.
هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا باڵادەست بوو، کاتێک مایکڵ ئۆلیس ئەسیستێکی ناوازەی پێشکەش کرد و کیلیان ئێمباپێ دوو گۆڵی کرد. ئێستا ئەوان رووبەڕووی دووەم یاریی خۆیان لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە بەرامبەر عێراقدا دەبنەوە، کە تیمێکە لەسەر کاخەز بە لاوازتر دادەنرێت.
بۆ رێگریکردن لە هەر لەخۆباییبوونێک، دیدێ دیشامی راهێنەری فەرەنسا هۆشداریی داوەتە یاریزانەکانی سەبارەت بەو ئاڵەنگارییەی لەپێشیانە. لە وتارێکی نێو ژووری خۆگۆڕین پێش دەستپێکردنی راهێنانەکان، کە لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسادا پیشان دراوە، دیشام تیشکی خستە سەر خاڵە بەهێزەکانی عێراق و ئاماژەی بە ئەنجامەکانی دواییان کرد.
دیشام بە یاریزانەکانی گوت:
عێراق ئاشنایە بەلاتانەوە؟ وەکوو تیمێکی بچووک بیریان لێ مەکەنەوە، چونکە ئەوان بچووک نین. دەتوانم ئەوەتان بۆ پشتڕاست بکەمەوە. پێش هەموو شتێک، ئەمەش راستییەکە، بۆلیڤیا دەناسن؟ ئەوان تیمێکی باشی ئەمریکای باشوورن و عێراق لەوێ، لە مەکسیکۆ [مەبەستی یاریی پاشکۆیە] لێی بردنەوە. دووەم شت، ئیسپانیا، ئەوان دەناسن؟ یارییەکی دۆستانە بوو، بەڵێ، بەڵام عێراق لەگەڵ ئیسپانیادا یەکسان بوو. هێشتا کاتمان لەبەردەمدایە، چەند رۆژێک ماوە، بەڵام نابێت هیچ کەسێک لە ئێوە وا بیربکاتەوە ئەمە ئاسان دەبێت تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە فەرەنساین. تیمی گەورەی دیکەش رەنگە بە هەمان شێوە بیریان کردبێتەوە کاتێک رووبەڕووی ئەو تیمانە بوونەتەوە کە بە لاوازتر لە عێراق دادەنران.
راهێنەرە فەرەنسییەکە چەندین جار جەختی لەسەر گرنگیی دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە سستبوونەوەیەک کردەوە و گوتی:
وا بیر مەکەنەوە کە زوو یان درەنگ ئێمە بە شێوەیەکی خودکارانە جیاوازی دروست دەکەین. ئەو تیمە گەورەکانەی دیکە نەیانتوانی ئەوە بکەن. من نامەوێت هەمان شت بەسەر ئێمەشدا بێت، کە تەنیا چاوەڕێی ئەو ساتە بین تاوەکوو بە خۆکارانە شتێک بگۆڕێت.
پەیامەکەی دیشامپ تەواو روونە؛ فەرەنسا رەنگە لەنێو بەربژێرە سەرەکییەکانی پاڵەوانییەتییەکەدا بێت، بەڵام بەکەم سەیرکردنی تواناکانی عێراق دەکرێت باجێکی زۆر گرانی لێبکەوێتەوە.



