شێرزود تێمیرۆڤ بۆ یاریگا؛ بە ئەگەرێکی زۆر بەشداریی مۆندیال دەکەم
قەیرانی پێکان رووی لە هەڵبژاردەکە کردووە

یاریگا –
هەڵبژاردەی ئوزبەکستان بەدەست قەیرانی پێکان دەناڵێنێت و رەنگە شێرزود تێمیرۆڤ لە مۆندیال ببینین.
تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونی وردی کردووە و بۆمان دەرکەوتووە چوار بۆ پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی ئوزبەکستان لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر هۆڵەندا تووشی پێکان بوون، بۆیە دەرفەت بۆ شێرزود تێمیرۆڤ رەخساوە تاوەکوو لەبری یەکێک لەو یاریزانانە بانگهێشتی مۆندیاک بکرێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا سەبارەت بەو بابەتە لەگەڵ شێرزود تێمیرۆڤ گفتوگۆی کردووە، تێمیرۆڤ هێشتا هیوایەکی زۆری ماوە و لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرایکرد، ئەگەری هەیە بانگهێشتی مۆندیال بکرێت.
لە یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا 30 خولەک یاریمکرد، گۆڵێکم دروستکرد و ئاستم باش بوو، بۆیە ئێستا چاوەڕوانی لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەمم و رەنگە بانگهێشت بکرێم.
بەگوێرەی یاسای فیفا، هەر هەڵبژاردەیەک 24 کاتژمێر پێش یەکەم یاریی خۆی دەتوانێت گۆڕانکاری لە لیستەکەی بکات و هەر یاریزانێک تووشی پێکان بووبێت دەتوانێت شوێنەکەی بە یاریزانێکی دیکە پڕبکاتەوە، بە مەرجێک راپۆرتی پزیشکی پێکانەکە پشتڕاستبکاتەوە.
شێرزود لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکەی گەشتی ئەمریکای کردووە و بەشداریی مەشقەکانیش دەکات و ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی راهێنەری هەڵبژاردەکەیە.
هەڵبژاردەی ئوزبەکستان لە 18ـی ئەم مانگە لە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2026، کاتژمێر 5:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەبێتەوە و فابیۆ کاناڤارۆ، راهێنەری هەڵبژاردەکە بۆی هەیە تاوەکوو 24 کاتژمێر پێش یارییەکە گۆڕانکاری لە لیستەکەی بکات.



