زاخۆ لە بەردەم شۆرشێکی گەورەدایە

یاریگا-
لەگەڵ تەواوبوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ تۆپی پێی یانەی زاخۆ شۆڕشێکی گەورەی لە یانەکە کرد سەرەتا دەستەی کارگێڕی یانەکە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کرد و لە شوێنیان دەستەیەکی کارگێری پێنچ کەسی دەستبەکاربوو.
یانەکە راستەوخۆ گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری تونسی بەناوبانگ ماهر کەنزاری واژووکرد، کە ناوێکی گەورەیە لە تونس.
پاشان یەکەم گرێبەستی ئەمساڵیان لەگەڵ یاریزانی یانەی دیالی موقتەدا حەسەن واژووکرد، کە یاریزانێکی هێڵی بەرگرییە لە باڵی راست یاری دەکات.
چەندین یاریزان بەفەرمی ماڵئاواییان لە یانەی زاخۆ کردووە لە پلاتفۆرمە فەرمییەکانی خۆیان، کە دیارترینیان عەلی کازم گۆڵپارێز و ئەمجەد عەتوان ناوەرستکار و پیشەگەری لیبی سۆلا و محەمەد عەلی عەبوود ناوەرستکار و یوسف ئالوسی بەرگریکار و حەسەن رائد و کیکی گابی و حەمید عەلی و شبر عەلی.
لە بەرانبەردا یانەکە بەنیازە گرێبەستی هەریەکە لە شێرکۆ کەریم و عیماد عیسی و نوێبکاتەوە و هەوڵی مانەوەی ئۆرینهۆ و ئالیۆ ئادەم و هادی کەریم دەدات.
تا ئێستا چارەنووسی ئوسامە رەشید و مەهدی کامل دیارنییە.
جێگەی باسە یانەی زاخۆ وەرزی رابردوو پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ.