ئەمریکا رێگری لە هاندەرانی دوو وڵاتی دیكهش كرد بچنە ناو خاکەکەی
كێشهی ڤیزا خاڵی نهرێنی مۆندیاله

یاریگا –
ئەمریکا بە رەتکردنەوەی ڤیزای هاندەرانی هەردوو وڵاتی ئەفریقی، هیوای هەزاران کەسی بۆ بینینی مۆندیال لەناو برد.
داواکاری ڤیزای چوونە ناو خاکی ئەمریکا بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەکانی کۆتدیڤوار و سێنیگال رەتکرایەوە، ئەمەش بووە هۆی بێ ئومێدبوونی ئەو هاندەرانەی کە دەیانویست لە نزیکەوە پشتگیری تیمەکانیان لە جامی جیهانی 2026 بكهن.
ئامادەکارییەکانی مۆندیال کە دوێنێ پێنجشەممە لە مەکسیک دەستیپێکرد، بەهۆی سیاسەتە توندەکانی ڤیزا لەلایەن ئەمریکاوە کە میوانداری سەرەکی پاڵەوانێتییەکەیە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
پێشتر ناوبژیوانێکی سۆماڵی و چەند ئەندامێکی ستافی تەکنیکی ئێران رێگرییان لێکرابوو، ئەمڕۆش بە فەرمی رێگری لە هاندەرانی سێنیگال و کۆتدیڤوار کرا.
خەمباریی هاندەرانی سێنیگال؛ یەکەمین جارە بێبەش دەبن
بۆ سێنیگال، ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا کە هاندەرە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە ناتوانن ئامادەی یارییەکانی مۆندیال بن. سێنیگال کە بۆ چوارەمین جار بەشداری دەکات، بڕیارە لە 16ـی حوزەیران لە نیوجێرسی بەرامبەر فەرەنسا دەست پێ بکات، پاشان بەرامبەر نەرویج و لە کۆتاییشدا لە تۆرۆنتۆ بەرامبەر عێراق یاری بکات.
ندیی دوم سیوف راوێژکاری وەزارەتی وەرزشی سێنیگال رایگەیاند:
“ئەمە یەکەمجارە شاند رەوانە ناکەین بەهۆی ئەو بەربەستانەی ئەمریکا بۆ پێدانی ڤیزا دروستی کردووە.” حکومەتی سێنیگال بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە، بڕیاریداوە 400 بلیت بۆ هەر یارییەک دابەش بکات بەسەر ئەو هاوڵاتییە سێنیگالییانەی کە نیشتەجێی ئەمریکان.
کۆتدیڤوار: ئەمریکا بە راشکاوی پێی گوتین ئێوهمان ناوێت!
جولیان کادیۆ، سەرۆکی لیژنەی هاندەرانی کۆتدیڤوار بە دڵتەنگییەوە گوتی:
“گەشتەکەمان هەڵوەشاندەوە، چونکە حکومەتی ئەمریکا نایەوێت پێشوازی لە هاندەرانی هەندێک وڵات بکات کە کۆتدیڤواریش یەکێکیانە. ئەمریکا هەڵوێستی خۆی زۆر بە روونی پێ گوتین.”
ئەو گوتیشی:
“ئەم دۆخە زۆر ئازارمان دەدات، چونکە رێگری لێکردین ئەرکی پیرۆزی خۆمان کە پشتگیریکردنی نیشتمانەکمانە، جێبەجێ بکەین.”
کۆتدیڤوار بڕیارە یارییەکانی لە فیلادلفیا و تۆرۆنتۆ بەرامبەر ئیکوادۆر، ئەڵمانیا و کوراساو دهكات. ئێستا تەنسا ئومێدیان بەو 1000 هاندەرەیە کە لە ناوخۆی ئەمریکادا دەژین و بڕیارە لە یاریگاکاندا ئامادە بن.



