ئه‌مریکاجیهانگرنگترینمۆندیالی 2026

ئەو هاندەرە کێ بوو کە لە یاری کردنەوەی مۆندیال بۆ چرکەیەکیش نەجوڵا؟

نهێنی ئەو په‌یكه‌ره‌ برۆنزییە چی بوو لە په‌یژه‌كانی یاریگای ئەزتیکا؟

Yariga App

یاریگا –

یاریگای ئەزتیکای مێژوویی شاهیدی دەسپێکی مۆندیال بوو، بەڵام لە پەنای یارییە بەهێزەکەی مەکسیک و ئەفریقای باشور، چیرۆکێکی مرۆیی سەرنجی جیهانی راکێشا: هاندەرێک کە بۆ چرکەیەکیش لە شوێنی خۆی نەجوڵا!

جارێکی تر کێبڕکێکانی جامی جیهانی تۆپی پێ دەستیان پێکردەوە و یاریگای ئەزتیکای دێرین لە مەکسیک، بووە مەیدانی ئاهەنگێکی مێژوویی.

لە یاری کردنەوەدا، هەڵبژاردەی مەکسیک توانی سەرکەوتنێکی گرنگ بەسەر ئەفریقای باشور بەدەستبهێنێت و یارییه‌كه‌ی بە ئەنجامی (2-0) برده‌وه‌.

هەردوو یاریزان راوڵ خیمینێز و خۆلیان کینیۆنیس گۆڵەکانی مەکسیکیان تۆمارکرد و دڵخۆشییەکی بێوێنەیان بەخشیە هەزاران هاندەر کە لە په‌یژه‌كانی یاریگا ئامادەبوون. بەڵام لە نێوان ئەو هەموو جۆش و خرۆشەدا، وێنەی هاندەرێک بووە جێی باسی میدیاکان.

پەیکەری هاندەرە وەفادارەکە؛ عەشقێک کە کۆتایی نایەت

لە نێو جەنجاڵی یاریگاکەدا، هاندەرێک هەبوو کە لە کورسییەکەی نەدەجوڵا، گرنگ نەبوو یارییەکە چەندە پڕ لە هەست و بزوێن بێت. ئەمە مرۆڤێکی زیندوو نەبوو، بەڵکو پەیکەرێکی برۆنزییە کە گوزارشت لە چیرۆکێکی دەگمەنی وەفا و عەشق بۆ تۆپی پێ دەکات.

ئەمه‌ پەیکەری هاندەرێک بوو بە ناوی “ئیگناسیۆ ڤیلانوێڤا ئەگیرێ”، کە ئێستا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی یاریگای ئەزتیکا و مێژووە دوورودرێژەکەی.

چیرۆکی دروستکردنی پەیکەرەکە چۆن دەستی پێکرد؟

چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کۆمپانیای تەلەڤیزا کێبڕکێیەکی راگەیاند بۆ دۆزینەوەی دڵسۆزترین و بەوەفاترین هاندەری یانەی کڵۆب مەکسیکی.

ئیگناسیۆ بەشداری لە کێبڕکێکەدا کرد و سندووقێکی گەورەی لەگەڵ خۆی برد، کە پڕ بوو لە بلیتی هەموو ئەو یارییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئامادەیان ببوو.

ئەو لەو ماوەیەدا هیچ یارییەکی یانەکەی لەدەست نەدابوو. بەهۆی ئەم دڵسۆزییە بێوێنەیەوە، ئیگناسیۆ خەڵاتی کێبڕکێکەی بردەوە، کە بریتی بوو لە دروستکردنی پەیکەرێکی برۆنزی بۆی لە ناو دڵی یاریگاکەدا، تا ناوی بۆ هەتاهەتایە وەک هێمایەک بۆ وەفا بمێنێتەوە.

11 کاتژمێر بێدەنگی بۆ نەمرکردنی ساتەکە

بۆ ئەوەی ئەم کارە هونەرییە تەواو بکرێت، ئیگناسیۆ لەبەردەم پەیکەرتاشی لێهاتوو ماشا زێبێدادا وەستا، لەکاتێکدا درێسی هەڵبژاردەی مەکسیکی پۆشیبوو. ئەو بۆ ماوەی 11 کاتژمێر بەبێ جوڵە مایەوە تا پەیکەرەکە بە وردترین شێوە دروست بکرێت.

پەیکەرەکە کێشی 120 کیلۆگرامە و لە برۆنزی پاک دروست کراوە. شێوازی دانیشتنی ئیگناسیۆ و توندکردنی مشتەکانی، نیشانەی ئەو جۆش و خرۆش و فشارە دەروونییەیە کە هاندەرێکی راستەقینە لە کاتی یارییەکاندا ئەزموونی دەکات.

ئێستا ئیگناسیۆ بووەتە هاندەرە ئەبەدییەکەی یاریگای ئەزتیکا. ئەو لەوێدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی شاهیدی هەموو سەرکەوتنەکانی داهاتوو بێت، رێک وەک چۆن شاهیدی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بوو لە یاری کردنەوەی مۆندیال.

بابەتی زیاتر

Back to top button