یوڤێنتوس بەدوای گۆڵپارێزێکی نوێدا دەگەڕێت؛ دوو ناوی گەورە لەسەر مێزی گفتوگۆن
جیاوازییە داراییەکان چین؟

یاریگا –
یانەی یوڤێنتوس لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی گۆڵپارێزی یانەکەی بەردەوامە و ئێستا چاودێریی دوو بژاردەی جیاواز دەکات.
جیانلوکا دی مارزیۆ، رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ئیمیلیانۆ مارتینێز و گوگلیلمۆ ڤیکاریۆ، ئەو دوو گۆڵپارێزەن کە خانمە پیرەکە بیر لە گواستنەوەیان دەکاتەوە، بەڵام تێچووی گواستنەوە و مووچەی ئەم دوو گۆڵپارێزە جیاوازییەکی زۆریان هەیە.
.@juventusfc, per la porta ci sono il Dibu Martinez e Vicario. L’ingaggio dell’argentino è alto: 7 milioni netti a stagione @SkySport https://t.co/HJL2pVswQD
— Gianluca Di Marzio (@DiMarzio) June 5, 2026
بەراوردی تێچوو و مووچەی هەردوو گۆڵپارێزەکە
لە رووی مووچەوە، مارتینێز، گۆڵپارێزی ئاستۆن ڤێلا، کە تاوەکوو ساڵی 2028 گرێبەستی هەیە و ساڵانە 7 ملیۆن یۆرۆی تەواو وەکوو مووچە وەردەگرێت. لە بەرامبەردا، ڤیکاریۆ، گۆڵپارێزی تۆتێنهام داواکاریی مووچەکەی زۆر پاڵەوانەکەی مۆندیالی 2022 کەمترە.
نرخی کڕینیش [بڕگەی هەڵوەشاندنەوە]، لێرەدا هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە؛ کڕینی مارتینێز تەنیا نزیکەی 5 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، لە کاتێکدا گرێبەستەکەی ڤیکاریۆ بەرزترە و یانەی تۆتێنهام بەلایەنیکەمەوە داوای 15 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
وەرزی مارتینێز لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا
ئیمیلیانۆ مارتینێز وەرزێکی نایابی دیکەی بە درێسی ئاستۆن ڤێلاوە بەڕێکرد. دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری ساڵی 2025 زۆر نزیک بوو لە جێهێشتنی یانەکە، گۆڵپارێزەکە لە بێرمینگام مایەوە و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتنی راستەوخۆ بە چامپیۆنزلیگ. گرنگتر لەوەش، توانیان نازناوی یۆرۆپالیگ بەدەستبهێنن، کە یەکەم نازناوی گەورەی بوو وەکوو کاپتن و سەرکردەی ئاستۆن ڤێلا. ئێستاش، دوای ئەو سەرکەوتنە ئەوروپییە، دیبۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادەکاریی بۆ مۆندیال دەکات بە ئامانجی بەرگریکردن لە نازناوەکەیان.
وەرزی ڤیکاریۆ لەگەڵ تۆتنهام
لە بەرامبەردا، ڤیکاریۆ وەرزێکی تاڵ و شیرینی لەگەڵ یانەکەی باکووری لەندەن بەڕێکرد. گۆڵپارێزە ئیتاڵییەکە 31 یاریی بۆ سپێرز کرد، بەڵام دواتر بەهۆی نەشتەرگەری دەستییەوە تاوەکوو کۆتایی وەرز لە یاریگاکان دوورکەوتەوە. سەرەڕای پێکانەکەی، ڤیکاریۆ تاوەکوو کۆتایی ساتەکان پاڵپشتی هاوڕێکانی و رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری نوێی یانەکەی دەکرد لە هەوڵەکانیان بۆ مانەوە لە خولەکەدا، کە لە کۆتاییدا توانیان مانەوە مسۆگەر بکەن و لە دابەزین رزگاریان ببێت.



