باوکی ماک ئالیستەر سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ریال مەدرید دێتە دەنگ
ریال مەدرید ناوەڕاستکارێکی خاوەن ئەزموونی دەوێت

یاریگا –
باوکی ئالێکسیس ماک ئالیسـتەر رایگەیاندووە کە هیچ کەسێک پەیوەندی بە ناوەڕاستکارەکەوە نەکردووە.
ریال مەدرید دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی خۆی بەهێز بکات. ئەمە یەکێکە لەو پێگە سەرەکییانەی کە هەم فلۆرێنتینۆ پێرێز و هەم ئێنریکێ ریکێلمیی بەربژێر بۆ سەرۆکایەتی دەیانەوێت لە بازاڕی گواستنەوەی داهاتوودا بەهێزتری بکەن. چاوەڕوان دەکرێت نیکۆ پاز بگەڕێتەوە بۆ یانەکە، بەڵام مەدرید لە هەمان کاتدا بەدوای یاریزانێکی خاوەن ئەزموونی زیاتری هێڵی ناوەڕاستدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی یارمەتی تیمەکە بدات لە وەرزی داهاتوودا کێبڕکێ لەسەر نازناوە گەورەکان بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەرجەنتینی ئۆلێ، یەکێک لەو ناوانەی کە رەچاو دەکرێت ماک ئالیسـتەرە. بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی ئاس، باوکی لە لێدوانێکدا هەر جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ریال مەدریددا رەتکردەووەتەوە و گوتی:
ئەوەی لەسەر ئالێکسیس بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە. تاوەکوو ئێستا هیچ کەسێک لە ریال مەدریدەوە قسەی لەگەڵ نەکردووین. هیچ زانیارییەکی نوێ سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئالێکسیس لە لیڤەرپوولدا نییە.

ئەم یاریزانە ئەرجەنتینییەی تاوەکوو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولدا هەیە و تاوەکوو ئێستا هیچ پێشهاتێک سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە.
ماک ئالیسـتەر تەنیا یەکێکە لەو چەندین یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست کە ناویان بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە. ناوەکانی دیکە کە لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا هێنراون بریتین لە: ئینزۆ فێرناندێز، کیس سمیت، ڤیتینیا، جواو نێڤێش و رۆدری، کە هەموویان وەکوو ئەگەرێکی بەهێزکەر بۆ هێڵی ناوەڕاست بە زلهێزە ئیسپانییەکەوە بەستراونەتەوە.



