
یاریگا –
پێپ گواردیۆلا وەکوو ئامادەکاریی بۆ قۆناخی دوای مانچێستەر سیتی، لە ئێستاوە لە بارسێلۆنا بەدوای ماڵێکی نوێدا دەگەڕێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی سەن’ـی ئینگلیزی، مانچێستەر سیتی ئەم کۆتایی هەفتەیە جیابوونەوەی پێپ گواردیۆلا رادەگەیەنێت، کە بە گەورەترین راهێنەری مێژووی یانەکە دادەنرێ، و راهێنەرەکەش لە ئێستاوە لە بارسێلۆنا بەدوای خانوودا دەگەڕێت.
گواردیۆلا کۆتایی بە سەردەمێکی مێژوویی دەهێنێت کە 10 ساڵ لە سەرپەرشتی تیمی سیتی بەردەوام بوو، کە یەکێکە لە سەرکەوتووترین قۆناخەکانی مێژووی نوێی تۆپی پێی ئەوروپا. پێشبینی دەکرێت مانچێستەر سیتی لە رۆژانی داهاتوودا بەیاننامەیەکی فەرمی رابگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی گواردیۆلا هێشتا گرێبەستەکەی تاوەکوو حوزەیرانی 2027 ماوە.
میراتی گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی بریتییە لەشەش نازناوی پرێمەرلیگ، یەک خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یەک جامی سوپەری ئەوروپا، یەک جامی جیهانیی یانەکان، سێ جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، پێنج جامی کاراباو، سێ جامی قەڵخانی خێرخوازی.

گومانێکی زۆر لەسەر داهاتووی گواردیۆلا هەیە، لەگەڵ ئەگەری پەیوەندیکردنی بە تیمی نیشتمانی تۆپی پێی ئیتاڵیا. بەگوێرەی هەواڵەکان تاکە شت کە گواردیۆلا هێشتا پێویستە بڕیاری لەسەر بدات، ئەوەیە کە ئایا دەستبەجێ دوای هاوین ببێتە راهێنەری تیمی نیشتمانیی ئیتاڵیا، یان ساڵێکی دیکە چاوەڕێ دەکات و سەرەتا پشوو وەردەگرێت کە پێویستی پێیەتی.
دوای رێکخستنی جیابوونەوەی لە سیتی، بەگوێرەی هەواڵەکان گواردیۆلا ئێستا لە بارسێلۆنا بەدوای ماڵێکدا دەگەڕێت.
کۆشکێک بۆ ئەو و منداڵەکانی
دەگوترێت راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا ئارەزووی خانوویەکی شاهانەی 15 ملیۆن یۆرۆیی لە بارسێلۆنا دەکات، کە هیوادارە دوای چەند ساڵێک ژیان لە ئەڵمانیا و ئینگلتەرا، بە هەمیشەیی لەوێ لەگەڵ خێزانەکەی نیشتەجێ بێت.
پەیوەندی گواردیۆلا لەگەڵ کاتالوونیا وەکوو شتێکی حاشاهەڵنەگر وەسف دەکرێت، ئەو بە شوێنێکی نموونەیی بۆ ژیان دەیبینێت کاتێک ئەم قۆناخەی کاروانی پیشەییەی کۆتایی دێت. خانووە تازە دروستکراوەکە مەلەوانگە، دیمەنی دەریا، هۆڵێکی وەرزشی، مەلەوانگەی گەرم لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە گەڕەکی پێدرالبێس.

هەروەها بەگوێرەی هەواڵەکان تەنیا 100 مەتر لەو ماڵە خێزانییەوە دوورە، کە پێشتر لەگەڵ هاوژینی پێشووی، کریستینا سێرا، پێکەوە تێیدا دەژیان. گواردیۆلا و سێرا خاوەنی سێ منداڵی گەورەن؛ ماریا کە تەمەنی 15 ساڵە، ماریۆس کە تەمەنی 23 ساڵە و ڤالێنتینا کە 18 ساڵانە.
لە ماوەی راهێنەرایەتیکردنی مانچێستەر سیتی، بەگوێرەی سەرچاوەکان گواردیۆلا لە Deansgate CitySuites لە ناوەڕاستی مانچێستەر دەژیا.



