راپۆرتی تایبەت؛ ئەو کێشانەی لە ریال مەدرید چاوەڕێی جۆزێ مۆرینیۆ دەکەن
راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر ئەو وێرانەیەی چاوەڕێی مۆرینیۆ دەکات

یاریگا –
لە کاتێکدا تەنیا یەک گەڕ لە لالیگا ماوە و پەردە لەسەر وەرزێکی پڕ لە هەڵبەز و دابەز لادەبرێت، لە پشت پەردەی قەڵای سپیی شاهانەییدا، هاوکێشەکان بە ئاڕاستەیەکی مەترسیداردا دەڕۆن.
ریال مەدرید چیدیکە ئەو تیپە یەکگرتووە نییە کە جیهان لێی دەترسا؛ لە لووتکەی دەسەڵاتدا، ئیمپراتۆریەتەکە لە ناوەوە تووشی لێکترازان بووە و لە کاتێکدا فلۆرێنتینۆ پێرێز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بەپەلەدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، هەموو چاوەکان لەسەر پیاوێکن؛ جۆزێ مۆرینیۆ.
رۆژنامەی ئاس ـی ئیسپانی لە راپۆرتێکی شیکارییدا تەواوی کێشەکانی بەردەم راهێنەررە پۆرتوگالییەکە ئاشکرا دەکات.

قڵیشانەوەی ژووری خۆگۆڕین؛ کاتێک سۆشیاڵ میدیا نهێنییەکان ئاشکرا دەکات
پێشتر وا باو بوو کە کێشەکانی ریال مەدرید لەنێو ژووری خۆگۆڕین چارەسەر دەکران، بەڵام نەوەی نوێی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی کە سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان شوێنێکی گونجاون.
یارییەکەی ریال ئۆڤێدیۆ، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی گشتی تیپەکە بوو دوای ئەوەی جەنگی ساردی نێوان فێدێ ڤالڤێردی و ئۆریلیەن چوامێنی بووە باسی گەرمی میدیاکان. هەروەها پێشتریش ئالڤارۆ کارێراس لە هەژماری خۆی دژایەتی و پێکدادانی توندی لەگەڵ ئانتۆنیۆ رودیگەر ئاشکرا کرد. ژووری خۆگۆڕین بووەتە کەمپێکی دابەشبوو؛ پشکێنەر و دزەپێکەرانی زانیاری بۆ میدیاکان بوونەتە مۆتەکەی یانەکە، کۆنتڕۆڵ لەدەست راهێنەران دەرچووە و کلتووری پاراستنی نهێنییەکان بە تەواوی تێکشکاوە.

یاخیبوونی کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ هاتووە ببێتە پاشای نوێ، بەڵام پێدەچێت کێشەکانی دەرەوەی یاریگا رێگەکەیان لێ لێڵ کردبێت. لە یاریگای بێرنابیۆ، کاتێک دەبوو هاندەران وتەی کۆتایی بڵێن، ئێمباپێ مایکرۆفۆنەکانی قۆستەوە بۆ ناردنی پەیامێکی پڕ لە ژەهر بۆ هاوڕێکانی؛
من لێرە لەبەردەم ئێوەدا قسە دەکەم، زۆرێک لە یاریزانانی دیکە ئەم ئازایەتییەیان نییە، ناچارم سەیری رۆژنامەکان بکەم تاوەکوو بزانم هاوڕێکانم لەنێو تیپەکەدا چۆن لەسەر من بیردەکەنەوە.
ئەم لێدوانە، کێشەی فەرەنسییەکەی گەیاندە لووتکە. تەنیا ئەمە نییە؛ مانگەکانە پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و کارگێڕێ شڵەژاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پزیشکەکانی ریال مەدرید تۆمەتبار کران بەوەی بە هەڵە پێكانی ئەژنۆی دەستنیشان کردووە، و گەشتە جێگەی سەرنجەکەی بۆ دوورگەی ساردینیا لە ئیتاڵیا لە کاتی پشووی تیپەکەدا، هێندەی دیکە هاندەرانی تووڕە کردووە.

جەنگی سارد لە نێوان ڤینیسیۆس و ئێمباپێ
ئەمە گەورەترین شکستی تەکنیکی بوو کە نە کارلۆ ئانچێلۆتی، چابی ئاڵۆنسۆ و نە ئاربێلۆا نەیانتوانی کلیلی چارەسەرەکەی بدۆزنەوە؛ چۆن دوو پاشا لەسەر یەک تەخت کۆببنەوە؟
کاتێک تەماشای داتاکان دەکەین، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، چونکە کاتێک یەکێکیان دەدرەوشێتەوە، ئەوی دیکەیان دەکوژێتەوە:
لە سەردەمی ئاڵۆنسۆ؛ کیلیان ئێمباپێ پاشای رەها بوو، لە 26 یارییدا 31 گۆڵی کرد، لە کاتێکدا ڤینیسیۆس لە گۆشەگیرییەکی دەروونیدا دەژیا و دوای کلاسیكۆ ئامادەنەبوو داوای لێبووردن لە راهێنەرەکەی بکات.
لە سەردەمی ئاربێلوا؛ هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە؛ ئاربێلۆا توانی گیانی ڤینیسیۆس زیندووبکاتەوە و لە 25 یارییدا 15 گۆڵی کرد، بەڵام لە بەرامبەردا ئێمباپێ کز بوو و تەنیا 12 گۆڵی لە 18 یارییدا کرد.
مۆرینیۆ ئەگەر بێت، دەبێت هاوکێشەیەکی کیمیایی نوێ بهێنێت کە تێیدا ڤینی و کیلیان تەواکەری یەک بن، نەک لەسەر حیسابی یەکتر بژین.

قەیرانی بێ سەرکردەیی؛ کێ لە دوای نەوەی زێڕین فەرماندەیی دەکات؟
لۆس بلانکۆس لەبەردەم قۆناخێکی مەترسیداری مێژووییدایە. رۆیشتنی لوکا مۆدریچ، دوایین پردی پەیوەندی بە سەردەمی یەکەمی مۆرینیۆوە پچڕاند. لەم هاوینەشدا، بە رۆیشتنی چاوەڕوانکراوی دانی کارڤاخاڵ و دانی سیبایۆس، پاشان پێشتر رۆیشتنی تۆنی کرووس و ناچۆ، تیپەکە بە تەواوی لە جیناتی سەرکردایەتی خاڵی دەبێتەوە.
قۆڵبەندی کاپتنی دەخرێتە سەر قۆڵی ڤالڤێردی و ڤینیسیۆس، بەڵام هیچ کام لەوان خاوەنی ئەو کارێزما و کۆنتڕۆڵە نین کە سێرجیۆ رامۆس یان ئیکەر کاسیاس هەیانبوو. ڤالڤێردی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی لەگەڵ چوامێنی کەسایەتی شێواوە، ڤینیسیۆسیش بەردەوام لەگەڵ هاندەران و ناوبژیوانان لە جەنگدایە. تەنانەت تیبو کۆرتوا کە دەکرێت ببێتە سەرکردە، رووبەڕووی یاسا کۆنەکەی مۆرینیۆ دەبێتەوە کە پێی وایە گۆڵپارێز نابێت ببێتە کاپتنی تیم.

مێرکاتۆی شێواو و مەترسییەکانی مۆندیالی 2026
ریال مەدرید لە هاوینی رابردوود گرانترین بازاڕی گواستنەوەی لە ماوەی شەش ساڵدا کرد، بەڵام ئەنجامەکەی کەمبوونەوەی کوالێتی بوو. چوار گرێبەستە سەرەکییەکە؛ کارێراس، هاوسن، ماستانتۆنۆ، و ئارنۆڵد نەیانتوانی جێگەی خۆیان بکەنەوە. پێکانە بەردەوامەکانی ئارنۆڵد و دابەزینی ئاستی ئەوانی دیکە، هێڵی بەرگریی یانەی شاهانەی لاواز کردووە.
مۆرینیۆ پێویستە خێرا بێت؛ مۆندیالی 2026 نزیکە، ئەگەر ریال مەدرید پێش مۆندیال گرێبەستەکانی یەکلایی نەکاتەوە، درەوشانەوەی هەر ئەستێرەیەک لە مۆندیالدا نرخەکەی بۆ چەند هێندە بەرز دەکاتەوە و بازاڕەکە لەژێر دەستی پێرێز دەردەهێنێت.



