چابی ئاڵۆنسۆ لە چێڵسییەوە گورزێکی گەورە لە پلانەکانی بارسێلۆنا دەوەشێنێت
ئاڵۆنسۆ کێشەیەکی گەورە بۆ بارسێلۆنا دروستدەکات

یاریگا –
دوای ئەوەی یانەی چێڵسی لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕا، یانەکە لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە ستامفۆرد بریج، بووەتە هۆی دروستبوونی بەربەستێکی گەورە بۆ یانەی بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەکاندا.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، چوونی ئاڵۆنسۆ بۆ چێڵسی وایکردووە یانەکە تەواوی مامەڵەکانی رۆیشتنی یاریزانان سڕ بکات چونکە راهێنەرە باسکییەکە دەیەوێت بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ پێکهاتەکەی بکات پێش ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ رۆیشتنی هەر یاریزانێک هەڵبکات، ئەمەش راستەوخۆ هەوڵەکانی بارسای بۆ گواستنەوەی جواو پێدرۆی هێرشبەری بەڕازیلی راگرتووە.
پێشتر چێڵسی بە 63.7 ملیۆن یۆرۆ پێدرۆ لە برایتنەوە گواستبووەوە و گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2033 بەردەوامە، ئەگەر ئاڵۆنسۆ بیەوێت، ئەوا یاریزانەکە لە لەندەن دەمێنێتەوە، ئەگەر بڕیاری فرۆشتنیشی بدرێت، چێڵسی نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ داوا دەکات.
🔵🔴Xabi Alonso pone el freno al fichaje de Joao Pedro por el Barça
👀La llegada del técnico tolosarra al banquillo del Chelsea se presenta como un obstáculo para su fichaje por el Barça
✍️@Jordigil https://t.co/A3d9k88Xdo
— Diario SPORT (@sport) May 16, 2026
قەیرانی هێڵی پێشەوەی بارسێلۆنا
دوای ئەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بە فەرمی ماڵئاوایی کرد و لە 30ـی حوزەیران یانەکە بەجێدەهێڵێت، بلاوگرانا بەپەلە پێویستی بە هێرشبەرێکی ژمارە ‘9’یە، لە هەمان کاتدا کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی فێران تۆرێس نوێ بکاتەوە کە لە ساڵی 2027 کۆتایی دێت.
خولیان ئالڤارێز وەکوو خەونێکی ئەستەم
جواو پێدرۆ بژاردەیەکی گونجاوتر بوو بەراورد بە ئالڤارێز، چونکە ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات. ئەم بڕە پارە خەیاڵییە بە هیچ شێوەیەک لە توانای دارایی یانە کاتالوونییەکەدا نییە. بەم شێوەیە، ئەگەر چێڵسی بە نرخێکی گونجاو دەستبەرداری پێدرۆ نەبێت، بارسێلۆنا لە دۆزینەوەی هێرشبەرێکی ئاستبەرز بۆ وەرزی داهاتوو تووشی کێشەیەکی زۆر گەورە دەبێت.



