پارە نەبووە دەرمان؛ بایرن میونشن یاریزانانی ریال مەدریدی لە نیو ملیۆن یۆرۆ بێبەش کرد
ڕیال مەدرید هەموو شتێکی تاقیکردەوە.. تەنانەت پاداشتی داراییش

یاریگا –
لە کاتێکدا ریال مەدرید لەم وەرزە هیچ هیوایەکی دیکەی بۆ رزگارکردنی شکۆکەی نەمابوو، چامپیۆنزلیگ دوایین دەرگای رزگاربوون بوو، بۆیە سەرکردایەتی یانەکە پەنایان بۆ هاندەری دارایی برد، کە لە ساڵانی رابردوو لە مەدرید فەرامۆش کرابوو.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ریال مەدرید بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشت بەرامبەر بایرن میونشن، بڕیارێکی کۆن بەڵام کاریگەریان دابوو، ئەویش دیاریکردنی پاداشتێکی دارایی گەورە بوو بۆ یاریزانەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکەی نزیک لە مێرێنگی، فلۆرێنتینۆ پێرێز و یاریدەدەرانی نیو ملیۆن یۆرۆیان بۆ هەر یاریزانێک خستبووە سەر مێزەکە تەنیا بۆ ئەوەی بگەنە نیوەی کۆتایی.

یانەکە دەیزانی کە یاریزانەکان لە رووی دەروونییەوە داڕماون، بۆیە ویستیان لە رێگەی ئەم هاندەرە ئابوورییەوە گیانی جەنگاوەری بگەڕێننەوە نێو تیمەکە، بەڵام لە کۆتاییدا، نە پارە و نە پلانەکانی ئاربێلوا دادی سپیپۆشەکانی نەدا؛ ریال مەدرید لە میونشن کرایە دەرەوە و ئەو پاداشتە چەورەش لە کیس یاریزانەکان چوو.



