
یاریگا –
یانەی چێڵسی هەنگاوە فەرمییەکانی بۆ دیاریکردنی راهێنەرێکی هەمیشەیی نوێ دەستپێکردووە و هەردوو راهێنەری ئیسپانی، چاپی ئاڵۆنسۆ و ئاندۆنی ئیراولا، وەکوو بەربژێری سەرەکی دەردەکەون.
رۆژنامەی گاردیان ـی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی گفتوگۆی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ کردووە و ئەنجامەکەی بۆ بەرپرسانی یانە لەندەنییەکە ئومێدبەخش بووە.
دوای وەرزێکی پڕ لە هەوراز و نشێو، کارگێڕی بلووز گەشبینن بەوەی بتوانن ئاڵۆنسۆ رازی بکەن بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە لە ئەستۆ بگرێت. ئاڵۆنسۆ کە لە ساڵی 2024 لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن مێژووی نووسییەوە، ئێستا دوای جێهێشتنی ریال مەدرید بێ یانەیە. بەرپرسانی چێڵسی پێیان وایە شێوازی یاریکردنی راهێنەرە باسکییەکە و کەسایەتییە بەهێزەکەی، گونجاوترینە بۆ پێکهاتە گەنجەکەی ستامفۆرد بڕیج.

لە لایەکی دیکەوە، ئاندۆنی ئیراولا، کە لەگەڵ بۆرنمس ئاستێکی سەرسووڕهێنەر پێشکەش دەکات و تیمەکەی لە کێبڕکێی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگدایە، لە ئەگەری شکستهێنانی گرێبەستی ئاڵۆنسۆ، وەکوو پلانێکی بەهێز دەبینرێت. چێڵسی بەدوای زیادکردنی هێزی جەستەیی لە نێو یاریگادا، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە ئیراولا تێیدا سەرکەوتوو بووە.
جگە لەم دووانە، یانەکە چاوی لە مارکۆ سیلڤا و ئۆلیڤەر گلاسنەریشە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری کۆتایی بۆ دوای یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا بەرامبەر مانچێستەر سیتی بمێنێتەوە.



