
یاریگا –
شەوی رابردوو فلۆرێنتینۆ پێرێز یەکێک لە توندترین کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی مێژووی خۆی کرد.
لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی شیکردنەوەی شکستی وەرزشی و کێشەکانی ژووری خۆگۆڕین بوون، پێرێز بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک هێرشی کردە سەر میدیاکان و لایەنە دەرەکییەکان.

میدیا جیهانییەکان ئەم دەرکەوتنەی پێرێز بە نمایشێکی تاکەکەسی لە قەڵەم دەدەن. رۆژنامەی لیکیپ ـی فەرەنسی دەڵێت پێرێز تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتەکەی بپارێزێت و هیچ رەخنەیەکی لە خۆی نەگرت.
رۆژنامەی بێڵد ـی ئەڵمانیش نووسیویەتی، ئەمە نمایشێکی سەیر بوو؛ پێرێز وا هەست دەکات هەموو جیهان پلانگێڕی لە دژ دەگێڕن.
تۆڕی BBCـی بەریتانی دەڵێت، سەرۆکێکی تووڕە کە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بەشەڕهات و پێداگریی دەکات کە هەڵمەتێکی رێکخراو دژی سەرکردایەتییەکەی هەیە.
کۆرێرۆ دێلۆ سپۆرت لە ئیتاڵیاوە باس لەوە دەکات، نمایشێکی تاکەکەسی؛ پێرێز زۆر توند بوو، بەتایبەت بەرامبەر بەو کەسانەی نهێنییەکانی ژووری خۆگۆڕین دزە پێ دەکەن.
لە کۆتاییشدا رۆژنامەی ئۆلێ ـی ئەرجەنتینی قسەی خۆی لەسەر کۆنگرەکەی پێرێز کردووە و دەڵێت، پێرێز بۆمبی تەقاندەوە؛ گوتی یاریزانەکان هەموو رۆژێک لە یەکتر دەدەن و ئابڕووچوونەکانی نێگرێیرا و بارسێلۆنا هێشتا کۆتایییان نەهاتووە.
سەیرترین بەشی کۆنگرەکە ئەوە بوو کە پێرێز کێشەی نێوان ڤاڵڤێردی و چوامێنی بە شتێکی ئاسایی وەسف کرد و گوتی یاریزانەکان هەموو رۆژێک شەڕ دەکەن و شتێکی ئاساییە، هەروەها بە راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، گۆڕەپانەکەی بۆ رکابەرەکانی چۆڵ کرد، بەڵام بەو مەرجەی خۆشی بەربژێری یەکەم بێت.



